لە ورمێ 5700 قوتابیی سەرەتایی وازیان لە خوێندن هێناوە

15-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سنووری ئەو پارێزگایە پێنج هەزار و 700 قوتابی قۆناخی سەرەتایی، وازیان لە خوێندن هێناوە.
 
عەلی موتەهەری، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ورمێ کە ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێرانیش تێیدا ئامادە بوو، باسی کێشەی وازهێنانی قوتابییانی قوناخی سەرەتایی لەو پارێزگایە کرد.
 
عەلی موتەهەری رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان، پێنج هەزار و 700 قوتابی قۆناخی سەرەتایی لە شارەکانی سەر بە پارێزگای ورمێ بە هۆکاری جیاواز وازیان لە خوێندن هێناوە. 
 
موتەهەری گوتی، ناسنامەی پێنج هەزار و 600 کەس لەو قوتابیانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ دیاریکراوە و لەو ژمارەیە 50٪ـیان گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ، وازهێنانی ئەو قوتابیانە لە خوێندن چەندین هۆکاری لە پشتە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان، "هەژاری، کارکردنی منداڵان بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەیان، کەمیی رێژەی رووبەڕی خوێندن و هەروەها دەستپێرانەگەیشتنی قوتابیان بە قوتابخانە و هۆڵی خوێندن" لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنانیانە.
 
بەپێی ئامارێک کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران لە ساڵی 2023 بڵاویکردووەتەوە، لە حەوت ساڵی رابردوودا وازهێنان لە خوێندن لەو وڵاتە 26٪ زیادیکردووە و زیاتر لە 911 هەزار قوتابی لە خوێندن جێماون. لەهەمان کاتیشدا 40٪ـی دەرچووانی زانکۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بێکارن.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرترین رێژەی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای ورمێ تۆمارکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە