پێنج بەندکراوی کورد لە کەرەج و ئیلام لەسێدارە دران

رووداو دیجیتاڵ

سێ بەندکراوی کوردی خەڵکی لوڕستان لە گرتووخانەی قزڵحیساری کەرەج و دوو بەندکراوی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دران.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024) بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ سێ بەندکراو بە ناوەکانی محەممەدکەریم گەڕاوەند و سیرووس حەیات‌بینی خەڵکی کۆیەشت لەگەڵ محەممەدڕەزا رەحیم‌پوور خەڵکی نوورئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە دران.
 
ئەو سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر لەلایەن دادگەوە سزای لەسێدارەیان بۆ دەرکرابوو.
 
هەروەها بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی رەزا غوڵامحوسێنی، تەمەن 21 ساڵ، فەڕۆخ خان محەممەدی تەمەن 60 ساڵ، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 14ـی ئایار لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێ کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، رەزا غوڵام حوسێنی خەڵکی گوندی بان زیارەتی شارۆچکەی چەوار، ساڵی رابردوو و فەڕۆخ خان محەممەدی، خەڵکی گوندی گوڵزار حەدادی سەر بە هەمان شارۆچکە، 14 ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دادگەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرابوو.
 
ئێران لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەوەیە کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت: لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 171 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جیاوازی پەیوەندیدار بە سیاسەت، مادەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون. 
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا دەڵێت: ساڵی رابردوو 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون، کە 151 کەسیان کوردن. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.