رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ دۆسیەی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک لەلایەن سوپاوە رادەستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ناکرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ: دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. پۆلیسی کەرکووکیش ئاماژە بەوە دەکات: "بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی 100% ئامادەین".
رۆژی چوارشەممە، 15-05-2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە 2023دا دۆسیەی ئەمنیی شەش پارێزگامان وەرگرت. لیژنەیەک پێکهێنرا و ئەنجامی نایابی پێشکێشکردووە. دەبێت لەم ساڵدا بگاتە 11 پارێزگا".
لە ساڵی 2003ـوە تاوەکو ساڵی 2017، دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بەدەستی پۆلیسەوە بوو، بەڵام دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، دۆسیەکە رادەستی سوپا کرایەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی چوار پارێزگا دەکەوێتە ساڵی داهاتوو (2025)، کە بریتین لە بەغدا، بەسرە، کەرکووک و مەیسان. لە پارێزگاکانی دیکە بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناوەندی شارەکانیان رادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێتەوە لەگەڵ مانەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لەم ساڵدا".
موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت: "تەواوی ئامادەکارییەکانمان تەواوکردووە و 100% ئامادەین بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک".
ئەو گوتەبێژە جەختی لەوەکردەوە: "بۆ وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک، چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین". هاوکات، بە دووریشی زانی بکەوێتە ساڵی داهاتوو.
لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە حکومەتی عێراق بەناوی پرۆسەی سەپاندنی یاسا چووە کەرکووک و لەو کاتەوە لەو پارێزگایە دۆسیەی ئەمنییان لە ئەستۆدایە و چەند جارێک پێکهاتەکان و لایەنە کوردستانییەکان نیگەرانییان لەو بارەیەوە پێشانداوە، چەند جارێکیش گرژی لەنێوان سوپا و هاونیشتمانییانی کورد روویداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ