رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، داوایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کردووە کە لیستی سێ یەکەمەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکانیان بۆ بنێرن کە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، بە مەبەستی دامەزراندنیان بۆ ئەنجوومەنی راژە بەرزی بکەنەوە.
رۆژی دووشەممە 15-05-2023، بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، لەگەڵ فەرمانگەکانی لێکۆڵینەوە و کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سەبارەت بە دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و دەرچووانی پزیشکی و تەندروستی و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کۆبوونەتەوە.
بەختیار حاجی حەمەد ئاماژەی بەوەدا لە کۆبوونەوەکەدا تێبینییان کردووە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان چەندان لیستی جیاجیای بۆ رەوانە کردوون، بۆیە بڕیاریاندا هەموو لیستەکان یەک بخرێن، تاوەکو مافی کەسیش نەفەوتێت جارێکی دیکە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان هەمووان بکاتە یەک لیست و رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی بکات، تاوەکو ئەوانیش لای خۆیان رەوانەی ئەنجوومەنی باڵای راژەی بکەن بۆ دامەزراندنیان.
ئەو بەرپرسە گوتی، لەسەر داواکاری ئەوان ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای راژە رەزامەندی دا وادەی پێشکێشکردنی داواکارییەکانی دامەزراندنی تاوەکو 10 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە، بۆیە داوایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان کردووە، بەپەلە لیستێکی یەکگرتوو ئامادەبکات و رەوانەیان بکەن، تاوەکو ئەوانیش رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی بکەن، ئەوانیش بۆ ئەنجوومەنی راژەی بەرزبکەنەوە.
ئەنجوومەنەکە دڵنیایی داوە کە کۆدی دامەزراندن دەداتە هەمووان. دامەزراندنەکەش ئەوانە دەگرێتەوە کە خەڵکی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
هاوکات ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی خەمڵاندنەکانیان ژمارەی یەکەمەکان هەزار و 500 کەسە، بڕوانامە باڵاکان 200 کەس و دەرچووانی پزیشکی و تەندروستی سەرووی 3 هەزار کەسن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، ئەوانەی ئەمساڵ وەکو فەرمانبەری هەمیشەیی حکومەت دادەمەزرێن ژمارەیان 729 هەزار و 608 کەسە کە پێکدێن لە: لەسەرکارلادراوان، ئەوانەی گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، فەرمانبەرە گرێبەستەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ