دەزگای روانگە سیستمێکی نوێی ئاودێریکردنی نەمام دەهێنێتە هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

ئاودان بە سیستمی گرۆسس وۆتەربۆکس، تەکنەلۆژیایەکی نوێیە کە بۆ یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان تاقیدەکرێتەوە.
 
سیستمەکە بەوجۆرەیە کە لە بۆکسێکی تایبەتەوە ئاو کۆدەکرێتەوە و لە رێگەیەوە ئاو دەگات بە رەگی نەمامەکە و رێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاو دەکات. 
 
هەندرێن غازی، بەرپرسی پڕۆژە ژینگەییەکان لە دەزگای روانگە دەڵێت: دارێکی هەنجیر یان هەنار بەپێی شوێنی جوگرافی لە یەک رۆژدا پێویستی بە 20 تا 25 لیتر ئاو هەیە، ئێمە ئاماژەمان کرد کە لە ماوەی مانگێکدا 15 لیتر ئاوی بەم سیستمە پێویستە، بەڵام لە راستیدا لە ماوەی 25 رۆژدا بەو تاقیکردنەوەیە کە ئێمە کردمان تەنیا پێویستی بە یەک لیتر ئاوە. لە زستانیشدا لە رێگەی بارانەوە بۆخۆی ئاوی تێ دەکرێت. 
 
لە کاتی ئاساییدا بۆ هەر دار هەنجیرێک لە ماوەی 25 رۆژدا، 500 لیتر ئاو پێویستە، بەڵام بە بەکارهێنانی ئەم سیستمە لە 25 رۆژدا یەک لیتر ئاو پێویستە، واتا بە گشتی 499 لیتر ئاو پاشکەوت دەکرێت.
 
بۆ تاقیکردنەوەی ئەو سیستمە پێنج هەزار دار لەسەر رووبەری 26 دۆنم زەوی لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەدین چێندراون. 400 دار هەنجیر، 630 هەناری هەڵەبجە، 630 زەیتوونی ئیسپانی، 1700 لیمۆ و پرتەقاڵی عێراقی و 1640 داری سەرووی عاموودی. 
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەم سیستمە دەتوانێت پاڵپشتییەکی بەهێز بێت بۆ ئەوەی کە لە وەرزی هاوین هەم ئاوی پێویستی پێ ببەخشرێت، هەم ئاوەکە بەهەڵمبوونی نەبێت. ئەوەی کە ئێمە بینیمان پلەی گەرمی ئاوەکە ساردە و ئەمە قازانجێکی دیکە بە رووەکەکە دەبەخشێت لەو وەرزە گەرمەدا کە تێیداین. 
 
تەکنەلۆژیای گرۆسس وۆتەربۆکس لە ساڵی 2010 لەلایەن جووتیارێکی هۆڵەندییەوە دروستکراوە. لە زۆربەی وڵاتانی وشک و بیابانی تاقیکراوەتەوە. 
 
سیستمی وۆتەربۆکس لە چوار چێوەی پڕۆژەی بنیاتنانی خۆڕاگری بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک لە عێراق، لەلایەن دەزگای روانگە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی جیهانی و یارمەتی دارایی حکومەتی ئەڵمانیا ئەنجامدەدرێت. 
 
بڕیارە لە قۆناخی داهاتوو، 30 هەزار نەمامی دیکە بەم سیستمە لەنێو شاری هەولێر بچێنرێن.