دابەشبوونی کورسییەکان لە شرنەخ؛ یەسەپە سێ کورسی و ئاکپارتیش کورسییەک
رووداو دیجیتاڵ
لە شرنەخی باکووری کوردستان، یەسەپە سێ کورسی بەدەستهێنا و ئاکپارتیش کورسییەک؛ هەروەها جەهەپە 21 هەزار دەنگی هێنا، بەڵام نەیتوانی کورسی بەدەستبهێنێت.
پەیامنێری رووداو لە کۆبوونەوەیەکی لایەنگر و پشتیوانانی هەدەپەدایە لە شرنەخی باکووری کوردستان کە هاوسەرۆکی ناوەندی جزیرەی هەپەدەش تێیدا دانیشتووە.
لە پارێزگای شرنەخ یەسەپە سێ کورسی بەدەستهێنا و کاری بۆ بردنی کورسی چوارەم دەکرد، بەڵام ئەنجامەکان رێگەیان نەدا.
مەسعود نەرد، هاوسەرۆکی ناوەندی جزیرەی هەپەدە بە رووداوی گوت: هیچ کەس و جوڵانەوەیەک نایەوێت جوڵەی نەبێت، بەڵکو بەردەوام دەیەوێت بەرەوپێشەوە بڕوات. خواست و ئامانجمان لە شرنەخ ئەوەبوو هەر چوار کورسییەکە بەدەستبهێنین، بەڵام بەهۆی پیلانەوە بەدەستمان نەهێنا.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا زیاتر لە 238 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ئەنجارە گەیشتە 326 هەزار کەس واتە 88 هەزار کەس زیادیان کرد، هەروەها ئەو پارتانەی بەشداربوون دەنگەکانیان زیادیان کردووە، بەڵام بەگوێرەی خواستی خۆیان نییە.
جەهەپە یەکێکە لەوانە، سەرەڕای ئەوەی 21 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام نەیتوانی کورسی بەدەستبهێنێت.
عوسمان یێرین، بەرپرسی ناوەندی جەهەپە لە شرنەخ بە رووداوی گوت: دەنگەکانمان سێ بۆ چوار هێندە زیادیکردووە، کە ئەمەش بۆ ئێمە و گەلی شرنەخیش باشە، ئێمە دەمانویست زیاتر بێت، بەڵام گەلەکەمان چ بڕیارێک بدات رێزی لێدەگرین.
سێیەم هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەکە ئاکپارتی لە شرنەخ کورسی بەدەست دەهێنێت، بەراورد بە ساڵی 2018 نزیکەی 16 هەزار دەنگیان زیادیکردووە، بەڵام خۆیان دەڵێن، چاویان لە زیاتر بووە.
ئیبراهیم خەلیل، بەرپرسی ناوەندی ئاکپارتی لە شرنەخ بە رووداوی راگەیاند: هیوای ئێمە لە بنەڕەتدا ئەوەبوو کە هەر چوار کورسییەکە بەدەستبهێنین، بەڵام ئەمەی ئێستاش بڕیاری گەلە و سوپاسی میلـلەتەکەمان دەکەین.
بەگوێرەی داتاکان، لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی 14ـی ئایاری 2023دا لە شرنەخ نزیکەی 85٪ی دەنگدەران دەنگیان داوە، بەڵام هیچی لە دابەشبوونی کورسییەکان نەگۆڕی.