لە کەرکووک قەرەبووکردنەوەی مادەی 140 دەستیپێکرد

15-05-2023
سۆران حوسێن
پەیکەری پێشمەرگە لە دەروازەی کەرکووک. وێنە: رووداو
پەیکەری پێشمەرگە لە دەروازەی کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای نۆ ساڵ لە راگرتنی قەرەبووکردنەوەی مادەی 140، چەکی وەرگرتنەوەی قەرەبوو بۆ 100 خێزان لە کەرکووک کراوە. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 دەڵێت، لیژنەی باڵا لە بەغدا داوای دوو هەزار ناویان کردووە بۆ قەرەبوو، بەڵام ناوی 100 کەس گەڕاوەتەوە.
 
رۆژی 15ـی ئایاری 2023، کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140 بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی لە کەرکووک راگەیاند، دوای کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140، داوا لە نووسینگەکەیان کراوە لە کەرکووک ناوی 2 هەزار خێزانیان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی چەکی قەرەبووی 10 ملیۆن دینار بۆ هەریەکێکیان بکەن، بەڵام دواتر ناوی 100 کەسیان بۆ وەرگرتنی چەک ناردووەتەوە.
 
کاکەڕەش سدیق دەڵێت، قەرەبووکە بۆ هاوردەکان و ئاوارەکانە و دەبێ لە بەغدا چەکەکەیان وەربگرن. گوتیشی: "خەڵکی ئاوارە خەڵکی ئەو گوندانەن راگوێزراون و خاپوورکراون، بەشێکیان عەرەبیش نازانن و شارەزای بەغدا نین، ئەوەش دەبێتە کێشە بۆ ئاوارەکان و وەرگرتنی چەکەکەیان لە بەغدا؛ داوامانکرد لەنێو نووسینگەکەمان چەکەکانیان وەربگرن، بەڵام قبوڵیان نەکرد و گوتیان بڕیاری چاودێریی داراییە و دەبێ لە بەغدا وەریبگرن." 
 
کاکەڕەش سدیق دەڵێ، تەرخانکردنی پارە بۆ مادەی 140 بە هەوڵی کورد بووە، ئێستا ئەوان [لە بەغداوە] دەیانەوێت ئەو پارانە بفەوتێنن و بیدەنە پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق.
 
لیژنەی باڵای مادەی 140 لە هەشت ئەندام پێکهاتووە، کاکەڕەش سدیق دەڵێت، یەک دانەیان کوردە؛ گوتیشی، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرێکی خۆی بۆ لیژنەکە لە بەغدا دیاری بکات.
 
بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140 لە کەرکووک، لیژنەی باڵای قەرەبووکردنەوەی مادەی 140ـی بەوە تۆمەتبار کرد، کە دەیانەوێت مافی کەرکووک پێشێل بکەن و گوتی: "لە جیاتی لە شنگال نووسینگە بۆ قەرەبوو بکرێتەوە لە دیالە نووسینگە کراوەتەوە؛ لە خانەقین پێشتر بەرپرسی نووسینگەی مادەی 140 کورد بوو ئێستا عەرەبێکی هاوردە دانراوە." 
 
دەستپێکردنەوەی قەرەبووی مادەی 140 لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بەرنامەی وەزاریی حکومەتی سوودانی کە رۆژی 27-10-2022 پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، بڕە پارەیەک کە نزیکەی 100 ملیار دینار بوو بۆ مادەی 140 تەرخان دەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا دوای پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەکە پێکدەهێندرێتەوە کە لە ساڵی 2014وە پەکخراوە. 
 
رۆژی 10ـی نیسانی ئەمساڵ، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو 100 ملیارە زۆر کەمە، چونکە ئێمە بەتەمای بابەتێکی دیکەین ئەمجارە لە مادەی 140، ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە لەنێوان پێکهاتەکان رێککەوتووین لەسەر بابەتی قەرەبوو بۆ ئەوانەی کە گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە."
 
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.