بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ: دوو چەکداری داعش کوژران

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ دەڵێت، کاژێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندێکی سنووری نەمروود لە پارێزگای نەینەوا رووبەڕووبوونەوە لە نێوان چەکدارانی داعش و سوپای عێراق روویداوە و تێیدا دوو چەکداری داعش کوژراون و سەربازێکی سوپای عێراقیش بریندار بووە. 
 
وەزارەتی بەرگریی عێراقیش ئاماژەی بە شەڕەکە داوە و دەڵێت، لە گوندی تەل حەکیم روویداوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 15-05-2023 مەسعود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندێکی سەر بە ناحیەی نەمروود لە نزیک سەنگەری سوپای عێراق چەکدارانی داعش بینراون و لەگەڵ سوپای عێراق رووبەڕووبوونەوە روویداوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، "لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان چەکدارانی داعش و سوپای عێراق، دوو چەکداری داعش کوژراون کە هەر ئەو دووانەش بینراون و کەسێک لە سوپای عێراقیش بریندار بووە."
 
لە بارەی بارودۆخی ئەمنی ناحیەی گوێر، مەسعود نووری گوتی، دۆخەکە باشە، بەڵام ماوەی 15 بۆ 20 رۆژێک دەبێت لەم سنوورە چەکدارانی داعش دەبیندرێن و ئەوەش نیگەرانی لای هاونیشتمانیان دروستکردووە.