مەسرور بارزانی: مامۆستایان لە قۆناخە سەختەکاندا درێژەیان بە ئەرکی خۆیان داوە

15-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مامۆستایان لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا درێژەیان بە ئەرکەکەیان داوە و دەشڵێت، یەكێتیی مامۆستایان هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. 
 
رۆژی دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 61ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، رۆڵێکی دیار و خەباتێکی درەوشاوەی هەیە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و خەباتی پیشەیی لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی مامۆستایان."
 
مەسرور بارزانی باس لەوەش دەکات، "لەم بۆنەیەدا ، بە سوپاس وپێزانینەوە رۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، درێژەیان بە ئەرکی پیرۆزی خۆیاندا لە پێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکانمان" و هیواداش دەخوازێت مامۆستایانی كوردستان، "سەرکەوتووانە لە ئەرک و رۆڵی کاریگەری خۆیان بەردەوام بن لە پێناو دروستکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و داهێنەر، بۆ ئەوەی بە هاوکاریی هەموولایەک، کوردستان زیاتر گەشە بکات و لە هەموو بوارەکاندا پێشبکەوێت."
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 130 هەزار مامۆستای هەمیشەیی، 30 هەزار فەرمانبەر و زیاتر لە 22 هەزار وانەبێژ هەن، بەشێکی مامۆستایان ئەندامی یەکێتیی مامۆستایانن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە