لە گوێڕ 180 جووتیار رێگەیان پێنادرێت بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان دروێنە بکەن

16-05-2022
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
 لە رۆژئاوای گوێڕ نزیکەی چوار کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە
لە رۆژئاوای گوێڕ نزیکەی چوار کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سنووری رۆژئاوای گوێڕ ئەو ناوچەیەیە کە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، سێ بۆ چوار کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستبووە. 
 
بۆشاییە ئەمنییەکە وایکردووە، جووتیارانی گوندەکانی کوشافی سەروو و خواروو، نەتوانن بگەڕێنەوە و دەغڵ و دانیان دروێنە بکەن. یاسین و براکانی 1500 دۆنم زەوییان بە گەنم و جۆ چاندووە، بەڵام ئێستا دەستیان پێیناگات و نیوەی زیاتری فەوتاوە.
 
یاسین قادر، جووتیارێکی سنووری رۆژئاوای گوێڕە و دەڵێت، "خۆم و چوار براکەم نزیکەی 1500 دۆنممان چاندووە، زیانمان 80 بۆ 90 ملیۆن دینارە، ئەوەش گوندی کوردانە کە دەمانەوێت بگەڕێینەوە. داواکاریمان ئەوەیە رێگەکەمان بۆ بکەنەوە." 
 
لە سنووری ناحیەی گوێڕی قەزای مەخمووری پارێزگای نەینەوا، 52 گوند هەن، ئێستا تەنیا جووتیارانی گوندەکانی کوشافی سەروو و خواروو ناتوانن بگەڕێنەوە کە ژمارەیان نزیکەی 180 جووتیار دەبێت. ئەوان کە ئەمساڵ 12 هەزار دۆنم زەوییان بە دانەوێڵە چاندووە، رووی دەمیان لە هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەری کێشەکەیان. 
 
عوسمان حەمەد، جووتیارێکی سنووری رۆژئاوای گوێڕە و گوتی، "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، تەنیا رێگەی گوندمان بۆ بکاتەوە، ئەو خەڵکە بچێت کاسبی خۆی تێدا بکات." 
 
کەمال ئیسماعیل، موختاری گوندی کوشافی خوارووە و دەڵێت، "ئێمە دەخوازین ئەو بۆشاییە ئەمنییەی هەیە پڕبکرێتەوە و رێگەکەمان بۆ بکەنەوە." 
 
عەبدوڵڵا سلێمان، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەگەر بۆشاییە ئەمنییەکە پڕنەکرێتەوە، ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە، دەمانەوێت رێگەکە بکرێتەوە و بچینەوە سەر کارەکانی خۆمان، وەک هەر گوندێکی دیکەی کوردستان کە ئازادن." 
 
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی پێشمەرگە لە گوێڕ - مەخموور بە رووداوی راگەیاند، "بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، چاوەڕوانی تەواوکردنی کارەکانی ئەو دوو لیوا هاوبەشەن کە لە نێوان هەردوولادا پێکهێندراوە، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق بۆ دەستبەکاربوونیان بودجەی دوو لیواکەی دابین نەکردووە." 
 
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، چەکدارانی داعش لە ناوچەکە جموجۆڵیان هەیە و چەندان جار لەو بۆشاییە ئەمنییە بیندراون کە لە نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق لە میحوەری گوێڕ - مەخموور هەیە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە