پارتی دیموکراتی کوردستان: ژمارەی کورسییەکانمان زیاد دەکات

15-05-2021
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژمارەی کورسییەکانی حیزبەکەی زیاددەکات و رەتیشیکردەوە لەبارەی ئەو دەنگۆیانە قسە بکات کە گوایە پارتی و نەوەی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لێکتێگەیشتنیان هەبێت. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 15ی ئایاری 2021، خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پارتی دەیەوێت لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژمارەی کورسییەکانی بپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین ژمارەی کورسییەکانمان، بۆ نموونە لە نەینەوا، زیاد دەبێت". 
 
سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانیان لە پارێزگای کەرکووک، خەسرەو گۆران گوتی، "پێمان وایە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا ژمارەی کورسییەکانی کورد بە گشتی لە پارێزگای کەرکووک لەنێوان 6 بۆ 8 کورسی دەمێننەوە و وەکو پارتی دیموکراتی کوردستانیش چاومان لەوەیە کورسی ببەینەوە".
 
بڕیارە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەنیا بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەبێت، پێچەوانەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کە پێکەوە هاوپەیمانێتییە تاقانەکەی نێو حیزب و پارتە سیاسییە کوردستانییەکان بە ناوی لیستی "هاوپەیمانیی کوردستان" هەیە.
 
خەسرەو گۆران لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی بوونی لێکتێگەیشتن لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر و دهۆک، هیچ وەڵامێکی بە بەڵێ یان نەخێر نەدایەوە و تەنیا گوتی،" هیچ وەڵامم نییە". 
 
خەسرەو گۆران وەڵامی ئەو پرسیارەشی بێ وەڵام هێشتەوە کە ئایا لێکتێگەیشتن لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و سەدرییەکان وەک سەرەتایەک بۆ رێککەوتن لەبەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار هەیە یان نا، وەک هەندێک ناوەندی میدیایی عێراقی ئاماژەیان بۆکردووە و گوتیشی" ئەگەر رێککەوتنمان هەبووایە، رامان دەگەیاند".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە