قەرەیلان بە گرافیک شەڕی پەکەکە و تورکیا رووندەکاتەوە

15-05-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
قەرەیلان بە گرافیک شەڕی پەکەکە و تورکیا رووندەکاتەوە
قەرەیلان بە گرافیک شەڕی پەکەکە و تورکیا رووندەکاتەوە
نیشانەکردن بۆردوومانی تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە ڤیدیۆیەکدا دوایین پێگەکانی شەڕی پەکەکە و تورکیا بڵاودەکاتەوە. دەڵێت، 20 رۆژە بەرگریی دەکەن و "بەڕاستی بەرخۆدانێکی گرنگ بەڕێوەدەبرێت." بەپێی نەخشەکەی قەرەیلان، لە چەند ناوچەیەک سوپای تورکیا هەر لە جێگەی خۆیەتی، لە هەندێک شوێنیش چەند کیلۆمەترێک "پێشڕەویی کردووە". دەشڵێت، تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.
 
قەرەیلان لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ کۆنفرانسێکی ناردووە و لەسەر بانگەوازی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رێکخراوە ئەو روونکردنەوەیەی لەسەر شەڕی پەکەکە و تورکیا دا. میدیای پەکەکە دەڵێت، کۆنفرانسەکە ئۆنلاین بووە و نزیکەی 200 کەس تێیدا بەشدارییان کردووە.
 
پێش روونکردنەوەی شەڕەکە لە ڤیدیۆکەیدا کە زیاتر لە 23 خولەکە، قەرەیلان داوای پشتگیری لە حیزبەکانی باشووری کوردستان کرد. گوتی، ئێستا "یەکێتیی نەتەوەیی گرنگە". هاوکات بە بڕوای قەرەیلان، سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو دۆخە دەبینێت. گوتی، "ئەگەر هەوڵەکان بەرەو پێشەوەچوو، بە تەئکیدی مەترسی سەر داهاتووی گەلی کورد دەبینێت. بڕوام وایە هاوسەرۆکانی یەکێتی و بەڕێوەبەرانی یەکێتی و گۆڕان لەم دۆخە بە گومان و نیگەرانن و زیاتر راستییەکان دەبینین و چاودێری دۆخەکە دەکەن. خۆی ئەو لایەنانەی کە لەناو دەسەڵاتدا نین، هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا کرد. وەک پارتی کۆمۆنیست، زەحمەتکێشان و رێکخستەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات، بڕوام وایە ئەوانەی دیکەش هەڵوێست پێشان دەدەن. کێشە لێرە بە تەنیا باشووری کوردستان نییە. پێویستە هەر چوار پارچەی کوردستان. پارتە سیاسیەکان، کەسانی رۆشنبیر، هونەرمەند و نووسەر لەم کاتە ستراتیژیەدا، لەناو هەوڵدانی یەکێتی نەتەوەییدا بن."
 
وەک لە گرافیکەکەی قەرەیلان دەردەکەوێت، لە هەرێمەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین شەڕ هەن. ئەو شوێنانەی لە نەخشەکەی بە رەنگی سوور دیاریکراون نیشاندەری سوپای تورکیان و رەنگە زەردەکانیش گەریلاکانی پەکەکەن. 
 
لە مەتینا وەک قەرەیلان روونی دەکاتەوە، تورکیا چووەتە گردی زەندورا، لەوێ چەند شوێنێکی گرتووە و ئێستا لەوێ شەڕ بەردەوامە. لەسەر هەمان هێڵ شەڕ هەیە، قەرەیلان دەڵێت، "هەڤاڵانمان هێشتا لە گردی زەندوران. 20 رۆژە ناتوانن هەڤاڵانمان دەربکەن. هەڤاڵانمان هێشتا لەوێن. بۆ مەتینا ئەمە دۆخەکەیە."
 
لە زاپیش بە گوتەی قەرەیلان، تورکیا دەیەوێت لە دوو باڵەوە هێرش بکات. یەکێک هێڵی جیلۆی بچووک یەکێکی دیکەیان لەلای قەڵای بێدەو. ئاماژە بەوە دەکات، لەوێ شەڕ هەیە. سەربازانی تورکیا دەیانەوێت بەرەو پێشەوە بچن، "بەڵام بەهۆی بەرخۆدان تا ئێستا پێشڕەویان نەکردووە."
 
لە ئاڤاشین شەڕێکی فراوان هەیە، قەرەیلان دەڵێت، لەبەرئەوەی تورکیا "لە دیوی شەمزینان و رووبارووکەوە هات. هێزێکی زۆری هێناوە، لێرەوە هێرشیان کردە سەر مامرەشۆ. ئێرە گردی مامرەشۆیە. لە دیوی گەڤەریش هێرش لەبەرانبەر مەرڤانۆس ئەنجامدراوە. لە دوو لاوە هاتووە. ئاڤاشین ئێرە و تا ئۆرەمار درێژ دەبێتەوە. لێرە سێگۆشەی ئاو هەیە. ئاوی باسیا هەیە. دووژمن دەیەوێت لەوێ هەڤاڵانمان گەمارۆ بدات. بۆیەش شەڕێکی زۆر گەورە و قورس لە مامڕەشۆ دروست بوو. لەوێ دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهێنا."
 
وەک قەرەیلان روونی دەکاتەوە، ئێستا سەربازی تورکیا لە مامڕەشۆیە، "بەڵام شەڕ هەیە." دەشڵێت، "دووژمن لە ئارس و فارس و مەرڤانۆسیش هەیە، بەڵام شەڕ هەیە. دەیانەوێت مەرڤانۆس و ئارس و فارس کۆنترۆڵ بکەن. بۆ ئەوەی هەڤاڵانمان گەمارۆ بدەن. لەم سێگۆشەیە شەڕێکی گەورە دروست دەبێت. لەبەرئەوەی هەڤاڵانمان بەرخۆدان دەکەن و ناگەڕێنەوە."
 
تورکیا لە 23ـی مانگی نیسان ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی برووسکە - چڕنووکی هەورەتریشقەی دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. بەهۆی بۆردوومانەکەوە، دوو گوندی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون کە گوندەکانی کێستە و چەلکێ کریستیانان.
 
تاوەکو ئێستا تورکیا نەخشەی شەڕەکەی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە پێشڕەوییان کردووە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، رۆژی هەینی 14ی ئایاری 2021 ، سەربازێکی سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکان بەناوی یاسین ئۆزەمار کوژراوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، میدیای فەرمیی تورکیا رۆژی هەینی 14-5-2021 بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا هێرشیکردووەتە سەر گوندی کێستەی سەر بە ناوچەی مەتین لە سنووری ئامێدی لە هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە