فراکسیۆنی یەکێتی: بەپەلە چارەسەرێک بۆ پەلکانە بدۆزنەوە

رووداو - هەولێر 

نوێنەرانی کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردووی گوندی پەلکانە راگەیێندراوێکیان ئاراستەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد و داوا دەکەن، بەپەلە چارەسەرێک بۆ گرژی و ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردووی گوندی پەلکانە بدۆزنەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 15-5-2019 نوێنەرانی کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە گوندی پەلکانە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا و رایانگەیاند: "ئێمە وەکو نوێنەرانی هاووڵاتیانی کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکەین، بەپەلە چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە و سنوورێک بۆ ئەو هەوڵانە دابنێن کە دەیەوێت گۆڕانکاری دیموگرافی لە چەند ناوچەیەکی کەرکووک ئەنجام بدات، بە پێچەوانەوە بەردەوامبوونی ئەو هەوڵەی تەعریب و چارەسەرنەکردنی ئەگەری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی زیاتری نێوان پێکهاتەکانی لێدەکەوێتەوە، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی پێکەوەژیان و سەقامگیریدا نییە".

رۆژی (سێشەممە 14-5-2019) ژمارەیەک عەرەب بە مەبەستی ''داگیرکردن و دووبارە تەعریبکردنەوەی گوندی پەلکانە'' سەردانی خانووە بەتاڵەکانی ئەو گوندەیان کرد بەگوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەدێی پەلکانە ''لەگەڵ ئەوەش دەستدرێژیان کردە سەر خێزانەکان".

دەقی راگەیێندراوەکە نوێنەرانی کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق

بەهۆی هەوڵی تەعریبێکی نوێ لە چەند ناوچەیەکی کەرکووک بە تایبەت گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پێکهاتەکان دروستبووە، هەوڵی داگیرکردنی زەوی و زاری کوردان دەدرێت لەلایەن ئەو عەرەبانەی پێشتر رژێمی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب  هێناونی بۆ ناوچەکە، ئەمەش بە پاڵپشتی چەند لایەنێک بە قۆستنەوەی دۆخی نائارامی پارێزگای کەرکووک.

ئێمە وەکو نوێنەرانی هاووڵاتیانی کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکەین، بەپەلە چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە و سنوورێک بۆ ئەو هەوڵانە دابنێن کە دەیەوێت گۆڕانکاری دیموگرافی لە چەند ناوچەیەکی کەرکووک ئەنجام بدات، بە پێچەوانەوە بەردەوامبوونی ئەو هەوڵەی تەعریب و چارەسەرنەکردنی ئەگەری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی زیاتری نێوان پێکهاتەکانی لێدەکەوێتەوە، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی پێکەوەژیان و سەقامگیریدا نییە.

ئێمە وەک نوێنەرانی کەرکووک بە هەموو هێزێکمانەوە رووبەڕووی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە، رێگا نادەین گۆڕانکاری دیموگرافی لە پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت و تەعریبێکی نوێ رووبدات.
داوا دەکەین لەو لیژنەیەی پێشووتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زارەکان پێکهێندراوە و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەرکردووە، جێبەجێی بکەن.

1. جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012 لە وەزارەتی داد
2. جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بەپێی رێنماییەکانی ماددەی 140 دەرکراوە.
2. هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، کە پەیوەندیدارە بە تەملیککردنی زەوی و زاری کشتوکاڵ لە کەرکووک.
3. جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 117.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن