دینا: ئەلبوومەكەم ستایلی جیاوازی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی لەخۆگرتووە

15-05-2018
دەرباز یونس
نیشانەکردن دینا
A+ A-

رووداو - هەولێر

هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر، لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا نۆبەرەی ئەلبوومی گۆرانییەكانی خۆی بەناوی "شای وڵات" بڵاوكردەوە، دینا كچێكی كوردی دانیشتووی هەولێرە، ئەو دەیەوێت لە رێگەی كارە هونەرییەكانییەوە بناسرێت، لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەكانی (رووداو) دەداتەوە.

رووداو: بۆچی ئەلبوومەكەت ناونا شای وڵات؟

دینا: شای وڵات یەكەمین گۆرانی بوو كە بەشێوەی كلیپ بڵاوم كردەوە، خەڵكی لە رێگەی ئەم گۆرانییەوە منیان ناسی، ناوەكەش ناوێكی خۆشە و گۆرانییەكەش زۆر تایبەتە، بۆیە حەزم كرد یەكەم ئەلبوومیشم هەر بەو ناوە بڵاوبكەمەوە.

رووداو: پێشتر بڕیارت دابوو لە نەورۆزدا ئەلبوومەكەت بڵاوبكەیتەوە، بۆچی وا دواكەوت؟

دینا: راستە، زۆر هەوڵمدا لە جەژنی نەورۆز بڵاوی بكەمەوە، بەڵام زۆر جار هەندێ شت دێنە پێش كە پێشتر چاوەڕێت نەكردوون. ئامادەكردن و چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەلبووم كار و كاتی زۆری پێویستە. كاری زۆری مابوو كە نەمتوانی هەموویان بكەم و لە نەورۆزدا بڵاوی بكەمەوە، بۆیە نزیكەی مانگ و نیوێك كاتی بڵاوكردنەوەكەی دواكەوت.

رووداو: ئەگەر باسی ناوەڕۆكی ئەلبوومەكەت بكەین؟ بە چ ستایلێك گۆرانیت گوتووە؟

دینا: ئەلبوومەكەم لە هەشت تراك پێكهاتووە، حەوت لە گۆرانییەكان كوردین و گۆرانییەكی عەرەبی خەلیجی تێدایە، پێموابێت من یەكەم هونەرمەندی كوردم كە گۆرانیی خەلیجی بڵێم، هەروەها ئەلبوومەكەم ستایلی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی تێدایە، هەوڵمداوە بەشێوازی جۆراوجۆر بە كرمانجی و سۆرانی گۆرانی بڵێم.

رووداو: بۆ بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكەت لە كافتریایەكی هەولێر رێورەسمێكت كرد، مەبەستت لەم كارە چی بوو؟

دینا: مەبەست لێی گەیشتن بە هەواداران و بەخشینی ئەلبوومەكەم بوو بە دیاری لە نزیكەوە، ئەم كارەم پێ باش بوو بۆ ئەوەی خەڵكەكە لە نزیكەوە ئەلبوومەكەم وەربگرن.

رووداو: پێشوازی خەڵك لە ئەلبوومەكەت چۆن بووە؟

دینا: بەڕاستی چاوەڕواننەكراو بوو ئەو هەموو خەڵكە پێشوازی لێ بكەن، من زۆر سوپاسیان دەكەم، سوپاس بۆ پشتگیرییان.

رووداو: چەند كلیپێكت بڵاوكردووەتەوە، بەنیازیت كلیپی دیكەش بكەی؟

دینا: بەڵێ لە داهاتوودا كلیپی دیكەش بڵاودەكەمەوە، كە وێنەیان گیراوە.

رووداو: كلیپی داهاتووت كەی بڵاودەبێتەوە؟

دینا: گۆرانییەكمان بۆ رەمەزان ئامادە كردووە كە لە شاری بەیروت لە لوبنان كلیپی بۆ كراوە. هەر لە مانگی رەمەزاندا بڵاودەكرێتەوە.

رووداو: تەواوی ئاوازەكانی ئەم ئەلبوومەت هەڵكەوت زاهیر ئامادەی كردووە، پلان هەیە لە داهاتووشدا كاری دیكە بەیەكەوە بكەن؟

دینا: بێگومان. هەڵكەوت زاهیر وەك مامۆستا و وەك هاوكارێك هەمیشە لەگەڵمدابووە، زۆر هاوكارمە لە كارەكانم، بە بەردەوامی بەیەكەوە كار دەكەین، ئێستاش پلانی كاری داهاتوومان داناوە.

رووداو: لە پلانتدا هەیە كۆنسێرت بكەیت؟

دینا: بێگومان هەموو هونەرمەندێك حەز دەكات كۆنسێرتی گۆرانی بكات، بەڵام پێموابێت لەم كاتەدا بۆ من زووە، بەتایبەتی كە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەبار نییە، بەڵام لە داهاتوودا بێگومان كۆنسێرت دەكەم و لە نزیكەوە زیاتر ئاشنای هەوادارانم دەبم.

رووداو: لە داهاتوودا گۆرانی دیكە بە زمانی عەرەبی بڵاودەكەیتەوە؟

دینا: بەڵێ بۆچی نا، زۆر حەزم بە گۆرانیی عەرەبییە، گۆرانیی عەرەبیش دەڵێم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە