پارە لەبەرامبەر كۆكردنەوەی خۆڵ ‌و خاشاك وەردەگیرێت

15-05-2016
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن خۆڵ ‌و خاشاك وەزارەتی شارەوانی
A+ A-

رووداو- هەولێر 

لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی  ‌و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری وەرگرتنی كۆكردنەوەی پارەی خوڵ‌ و خاشاك دراوە، بریكاری وەزیری شارەوانی و گشتوگوزاریش دەڵێت "لەم قۆناخەدا پارە لە ماڵان وەرناگیرێ و، تەنیا لەو شوێنانە وەردەگرێ‌ ئیش ‌و كاریان تێدا دەكرێت و شوێنی بازرگانین".

خەسرۆ كەمال، بریكاری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەسەر بنەمایی یاسای شارەوانییەكان، چەند ساڵێكە پێشنیازیان كردووە پارە لەبەرامبەر كۆكردنەوەی خۆڵ‌ و خاشاك وەربگرێت، دواجاریش ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەو شوێنانەی كار‌ و پیشەی جۆراوجۆریان تێدا دەكرێت مانگانە بڕێك پارەیان لێوەربگرێت. 

ئەو گوتیشی "لەم قۆناخەدا وەرگرتنی پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ ‌و خاشاك هاونیشتمانیان ناگرێتەوە، تەنیا ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە پیشەی جۆراجۆریان تێدا دەكرێت، 20% داهاتەكەشی بۆ شارەوانییەكان دەبێت". 

خەسرو كەمال باسی لەوەش كرد بڕیارەكە دوو مانگی رابردووش دەگەرێتەوە، بەجۆرێك پاری مانگەكانی سێ و چواریش وەردەگیرێت و لەمەودواش بەردەوام دەبێت. گوتیشی "كۆكردنەوە ‌و وەرگرتنی ئەو پارەیە كارێكی ئاسان نابێت، بۆیە لەگەڵ شارەوانییەكان لەگفتوگۆداین بۆ چۆنیەتی كۆكردنەوەی پارەكە".

بریكاری وەزیری شارەوانی و گشتوگوزار ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی یاسای ژمارە 130ی ساڵی  1964 ی شارەوانییەكان، لەبەرامبەر پێشكەشكردنی هەموو خزمەتگوزارییەكان، شارەوانی دەبێت پارە وەربگرێت تاوەكو ببێتەوە بە داهات بۆ خۆی "بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێكی نەوتی بوو و داهاتی باشی هەبوو، كەمتر كار بەو یاسایە كراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەریكە هەنگاو بەهەنگاو كار بەو یاسایە دەكرێت".

بەپێی ئەو خشتەیەی بڵاوكراوەتەوە، زۆرترین پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ ‌و خاشاك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان وەردەگیرێت و بڕەكەی 200 هەزار دینارە، كەمترینشی بۆ دووكانی فۆتۆكۆپی دەبێت و مانگانە بڕەكەی 10 هەزار دینارە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە