بەهۆی خۆڵبارینەوە لە سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە پشوو

15-04-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەواوە، لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرجەم قوتابخانە و فەرمانگەکانی هەر سێ پارێزگاکە جگە لە دامەزراوە خزمەتگوازییەکان، کرایە پشوو.
 
رۆژی سێشەممە، 15ی نیسانی 2025، مەهدی پازۆکی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین بۆ سنووری پارێزگاکە، بە بریاری پارێزگاری لوڕستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرجەم فەرمانگە، بانکەکان، قوتابخانەکان و زانکۆکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت.
 
بە گوتەی مەهدی پازۆکی، بریارەکە فەرمانگە خزمەتگوازییەکان و ناوەندە تەندروستییەکانی پارێزگاکە ناگرێتەوە.
 
لە کرماشانیش دوای کۆبوونەوەی نائاسایی لیژنەی فریاگوزاری پیسبوونی هەوا، بریاردرا لە سەرجەم فەرمانگەکان جگە لە شوێنە خزمەتگوزارییەکان و ناوەندە تەندروستییەکان پشوو بێت.
 
عەلیڕەزا حەیدەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی کرماشان رایگەیاند، بریارەکە دوای هۆشداریی رێکخراوی کەشناسی سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین و زیادبوونی پیسبوونی هەوا، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان دراوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، مەجید بێگلەریان، بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، دوای ئەوەی لە رۆژی دووشەممە، 14ی نیسانی 2025ـەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین لە باشووری عێراقەوە رووی لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای ئیلام کرد، هەوای شارەکانی ئیلام، میهران و دێلوڕان تاوەکو شەش هیندەی ئاستی رێگەپێدراو پیس بوو.
 
بێگلەریان گوتی، "شەوی رابڕدوو، لیژنەی کۆنترۆڵی قەیران و لیژنەی فریاگوزاری پیسبوونی هەوای پارێزگاکە کۆبوونەوە و دوای تاوتوێکردنی دۆخی هەوای ناوچە جیاوازەکانی ئیلام، بریاریان دا رۆژی سێشەممە، لە سەرجەم فەرمانگە، قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی پارێزگاکە پشوو بێت."
 
لە دوێنی دووشەممەوە، شەپۆلێکی خۆڵبارین کە سەرچاوەکەی باشووری عێراقە، بەشێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە.
 
جگە لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگاکانی خوزستان و بووشێهر لە باشووری رۆژئاوای ئێرانیش، بەهۆی خۆڵبارینەوە لە سەرجەم فەرمانگەکانی هەردوو پارێزگاکە پشوو راگەیێندراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گۆڕەپانێکی ئاژەڵان لە دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئاژەڵەکانی هەرێمی کوردستان دەشۆردرێن

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەیەکە تیمێکی ڤێتێنەری سەردانی ئاژەڵداران دەکەن و ئاژەڵەکانیان بە دەرمان بۆ دەشۆن.