رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێک پێش دەستپێکردنی گەشتی ئەو هاونیشتمانییانەی ئەم ساڵ بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەچنە سعودیە، لە هەرێمی کوردستان رێکارەکان دەستیان پێکردووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە داوا لەو کەسانە دەکات دەچنە حەج، سەردانی نووسینگەکانیان بکەن.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکارییەکانمان بەردەوامن، داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکەین ئەم ساڵ دەچنە حەج، لە ناوەندی چوار پارێزگا و چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستان سەردانی نووسینگەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنی رێنوێنی و راهێنانی پێش گەشتکردن".
راهێنان و رێنوێنییەکانی نووسینگەکانی حەج و عومرە خۆی لەوە دەبینێتەوە کە هاونیشتمانییان چۆن گەشتەکەیان دەستپێدەکەن، لەوێ چی دەکەن و چۆن ئاگاداری یەکدی دەبن، لەگەڵ رێنوێنییە شەرعییەکان.
کاروان ستوونی دەڵێ: "هەرکەس سەردان دەکات بۆ راهێنان و رێنوێنی، ئەگەر پیاوبێت هێلەک و ئەگەر ژن بێت سەرپۆشێکی پێدەدرێت، ئەویش بە لۆگۆی ئاڵای کوردستانەوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە سعودیە هۆتێلێکیان بۆ هاونیشتمانییان دابینکردووە کە گەورەیە و جێگەی تەواوی ئەوانەی دەچنە حەج لەو هۆتێلەدا دەبێت. گوتیشی: "بە تیروپشک لە نهۆمی یەک بۆ 10ـی هۆتێلەکەمان بە گوێرەی حاجیانی پارێزگاکان دیاریکردووە".
بە گوتەی کاروان ستوونی، ئەو هۆتێلەی بۆ هاونیشتمانییان دابینکراوە لە شوێنی رێوڕەسمەکانی حەجەوە نزیکە و پێویستیان بە پاس نابێت بۆ هاتووچۆکردن. گوتیشی: "تیمی تەندروستی لەگەڵ حاجیاندا دەبن و بەردەوام رێنوێنییان پێدەدەن".
گەشتی حەجی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی 10 بۆ 15ـی مانگی 5 دەستپێدەکات.
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کرا. ساڵی رابردوو 4,174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەمساڵ کە لە 25-09-2024، تیروپشک کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ