شارەوانیی بەردەڕەش: ناوچەی پیشەسازی دەکەینە پارکێکی گەورە

15-04-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش رایدەگەینێت، پار بە بەهای نزیکەی 8 ملیار دینار پرۆژەیان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و نیوەیان تەواو کراون. دەشڵێت، گرفتی دارایی و نەختینە هۆکارە بۆ ئەوەی بەشێک لە پرۆژەکانیان بە سستی کاریان تێدا بکرێت.
 
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە پرۆژە خزمەتگوزاییەکانی قەزاکەیان کرد و گوتی، ئەو پرۆژانەی ساڵی رابردوو دەستمانپێکردن و بەشێکیان تەواوکراون، بەشەکەی دیکەیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە قەزای بەردەڕەش پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداویان گوت، کە کارکردن لە پرۆژەکانی شارەکە سستن. سیروان حەسەن هۆکارەکەی بۆ نەبوونی نەختینە گەڕاندەوە و گوتی: "کاریگەری لەسەر پرۆژەکان هەبووە."
 
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش، شارەکە لەڕووی خزمەتگوزاریی، لەچاو رابردوو زۆر گۆڕاوە، چونکە لە رابردوودا نزیکەی 70٪ی کۆڵان و شەقامەکان گڵ بوون، بەڵام ئێستا بەشی زۆریان کۆنکرێت یان قیرتاوکراون.
 
سیروان حەسەن گوتی، جووتسایدی ناو بەردەڕەش لە گەڕەکی رۆشنبیران بە درێژایی 500 مەتر تەواوکراوە لەگەڵ دروستکردنی ئاوەڕۆ و قیرکردنی 18 کۆڵان لە گەڕەکی برایەتی بە درێژایی 2.5 کیلۆمەتر.
 
سەبارەت بە پرۆژەکانی ئەم ساڵ، سیروان حەسەن گوتی: "چەند پرۆژەیەکمان لە پلاندان؛ لەوانە دروستکردنی ئاوەڕۆ و رێگەسازی گەڕەکی بانایی بە گوژمەی نزیکەی ملیار و 250 ملیۆن دینار، رەزامەندی لەسەر دراوە. هەروەها پرۆژەی دروستکردنی پارکێک کە لەقۆناخی جێبەجێکردندایە، لەوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت."
 
ناوچەی پیشەسازی کۆنی بەردەڕەش، بڕیارە بکرێتە پارکێکی گشتیی بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی، سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: "پلانمان پێشکێشکردووە بۆ ساڵی 2025 بۆ ئەوەی ناوچەی پیشەسازی کۆن بکەینە پارکێکی گشتیی و پلانەکە لە نەخشەدانانی دهۆکە و چاوەڕێی پەسندکردنین."
 
هاونیشتمانیان گلەیی لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن لەنێو گەڕەکەکاندا، سیروان حەسەن دەڵێت، لەبەر ئەوەی فراوانبوونی شارەکە بەشێوەیەکە چەند گوندێک کەوتوونەتە سنووری شارەوانی، هێشتا خەڵک هەیە ئاژەڵ بەخێو بکات، بەڵام ئەگەر سەرپێچی هەبێت یان زیان بە نەمام و ژینگەی شارەکە بگەیێنن سزا دەدرێن.
 
لەبارەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە شارەکە، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش گوتی: "پێش ساڵێک داواکاریمان پێشکێشکرد بۆ تەرخانکردنی بودجەیەک بۆ شێڵتەر و زەوییەکمان بە رووبەری 8 دۆنم تەرخانکرد، چونکە ئێمە هیچ ستافێکی تایبەتمەندمان نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە