رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لە سەیران و رۆشتن بۆ گیای بەهارە، ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە. دەشڵیت، پاراستنی ژینگە بەشێکە لە ئیمان و پێویستە هاونیشتمانیان لەکاتی هێنانی گیای بەهارە، ئەو گیا بەهارییانە بپارێزن و زیانیان پێنەگەیێنن.
لەماوەی رابردوودا لەکاتی هێنانی گیای بەهارە، بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کوێستانییەکان چەند هاونیشتمانییەک گیانیان لەدەستدا. د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، "خەڵک لە وەرزی بەهاردا، روو لە کوێستان و سەیرانگاکان دەکەن، بەتایبەت بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە، پێویستە خۆیان بپارێزن و ژیانیان نەخەنە مەترسییەوە."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دەشڵێت: "لەو ناوچەی مینی لێیە و مەترسیدارن، هۆشداری دراوەتە هاونیشتمانیان، بۆیە پێویستە ئاگاداربن و خۆیان و ژیانیان نەخەنە مەترسییەوە، وەکو خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ)، واتا؛ بە دەستی خۆتان، خۆتان مەفەوتێنن."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتیشی: "ئێمە وەکو یەکێتیی زانایان هۆشداریمان داوە کە خەڵک خۆیان بپارێزن و ژیانیان نەخەنە مەترسییەوە، لە گوتاری هەینیشدا هۆشداریمان داوە کە خۆیان بپارێزن لەو شوێنانەی مەترسی بوونی مین و تەقەمەنی هەیە، یان ئەو شوێنانەی رووبار و چۆمی لێیە، چونکە هەرکەسێک بە دەستی خۆی و بە ئەنقەست گیانی خۆی بخاتە مەترسی گوناهبار دەبێت."
ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی گیای بەهارە، ژینگەپارێزان و هاونیشتمانیان گلەیی ئەوە دەکەن خەڵکانێک هەن زیان بە سرووشت و ژینگەی ناوچەکان دەگەیێنن و گیا لە رەگەوە هەڵدەکێشن کە ئەوە وادەکات ئەو گژ و گیایانە لەنێوبچن.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، "هەڵکەندنی گیای بەهارە لە رەگ و ریشکەوە بەمەبەستی لەناوبردن و زیانگەیاندن، شتێکی خراپە و گوناهبار دەبن، خەڵک چۆن هۆشیاری و رۆشنبیری کۆمەڵایەتی و ئایینی پێویستە، بەهەمانشێوە پێویستمان بە رۆشنبیری ژینگەپارێزی هەیە، چونکە ژینگە هیچی لە بابەتە ئیمانییەکان کەمتر نییە و بەشێکیشە لە ئیمان و باوەڕ."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی،"دەبێت خەڵک ئەو گیابەهاریانە بپارێزێت و نابێت بێ ویژدانییان بەرامبەر بکرێت، دەبێت پارێزگارییان لێبکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ