قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی سەرکەوتنی یانەی دهۆک: ئەمڕۆ بەندە دهۆکی بووم
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی سەرکەوتنی یانەی دهۆک دەڵێت، "لە دڵەوە خۆشحاڵبووم بەم سەرکەوتنە مێژووییەی یانەی دهۆک کە بوونە پاڵەوانەی جامی کەنداو."
یانەی دهۆک ئەمشەو بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی قادسییەی کوێتی بردەوە و بۆ یەکەمجار بووە پاڵەوانی جامی کەنداو.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی سەرکەوتنەکەی یانەی دهۆک نووسی، پیرۆزە دهۆک، پیرۆزە کوردستان؛ "ئەمڕۆ بەندە دهۆکی بووم، ئەمڕۆ هەموو کوردستانییەک دهۆکی بوون."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، سەرکەوتنەکە دەبێتە هاندەر بۆ هەموو یانەکانی کوردستان بۆ ئەوەی "خەون بە سەرکەوتنی گەورەتر لە ئاستی نێودەوڵتی ببینن."
قوباد تاڵەبانی باس لەوەش دەکات، بردنەوەی دهۆک سەرکەوتی وەرزشی کوردستان و تەواوی وەرزشوانانە.
یارییەکە لە شاری دهۆک بەرێوەچوو و تیایدا هەزاران هاندەر لە یاریگەکە ئامادەبوون و پشتیوانیان لە یانەکە کرد.
پێش یارییەکەش بەرپرسانی حکومی و حیزبی پشتیوانی خۆیان بۆ یانەکە دەربڕی.