رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، کوردێکی ئێزدییان لە دەستی داعش رزگار کردووە. هاونیشتمانییەکە باسی ئەو ئازار و ناخۆشییانە دەکات کە لەو ساڵانەی لە دەستی داعشدا بووە چەشتویەتی.
رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، نووسینگەی میدیایی هەسەدە بڵاویکردەوە، رۆژی 12ـی ئاداری ئەم ساڵ تیمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوردێکی ئێزدییان بەناوی عوسمان خەیرۆ خودێدا لە دەستی داعش رزگارکرد. عوسمان رۆژی سێی ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە لە سنووری شنگال رفێندرا بوو.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هاونیشتمانییەکە خەڵکی گوندی وەردییەیە لە سنووری شنگال.
عوسمان چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ساڵی 2006 لەدایکبووم و ساڵی 2014 داعش رفاندمی؛ دواتر خێزانەکەیشم بینی لەلایەن داعشەوە دەستگیرکرابوون. داعش من و براکەمیان لە ئەندامانی دیکەی خێزانەکەمان جیاکردەوە".
عوسمان دەڵێت، دواتر ئەو و براکەی گوێزرانەوە موسڵ و لەوێ لە یەکدی جیاکرانەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، داعش لەگەڵ 60 منداڵی دیکەی کوردی ئێزدی گواستیەوە شاری ئەبوکەمال لە سووریا.
هاونیشتمانییە ئێزیدییەکە زیاتر باسی ژیانی دەکات و دەڵێت: "دوای گەیشتنە ئەبوکەمال، داعش خولێکی ئایینی بۆ سێ مانگ بۆ کردینەوە و نازناوی ئوسامە شنگالییان پێدام، دواتر گوێزرامەوە بیابانەکانی سووریا و راهێنانی سەربازییان پێکردین و سێ ساڵ لەوێ ماینەوە، پاشان وەک چەکدارێک لە ریزەکانی داعش چوومە بیابانی حومسی سووریا و چوار ساڵ لەوێ مامەوە. مینێکم پێدا تەقییەوە و قاچی راستم بریندار بوو".
کوردە ئێزدییەکە دەڵێت:"لە کۆتایی ساڵی 2024دا کاتێک لە یەکێک لە حەشارگەکانی داعش لە بیابانی حومس چارەسەرم وەردەگرت، حەشارگەکە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بۆردوومانکرا و لە ئەنجامدا 20 تیرۆریست کوژران کە بەشێکیان سەرکردە بوون و منیش بە موعجیزە رزگارم بوو".
بە گوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان، داعش لە ئابی 2014دا 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاند و تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 585ـیان رزگارکراون؛ رێکخراوە پەڕگیرەکە نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانیی ئێزدیشی کۆمەڵکوژ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ