چارەنووسى 900 هەزار دۆنم زەویى داگیرکراوى کەرکووک یەکلا دەکرێتەوە

15-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەى زیاتر لە 900 هەزار دۆنم زەویى داگیرکراوى هاونیشتمانیانى کورد لە کەرکووک دەستیپێکردووە کە بە گوێرەى بڕیارەکانى لیژنەى کاروبارى باکوورى دەسەڵاتى پێشووى عێراق داگیر کرابوون.
 
ئەو زەوییانە لە چوارچێوەى هەڵمەتى تەعریبى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس داگیرکراون، بڕیارەکان لەلایەن لیژنەى کاروبارى باکوور دەرکراون کە دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى کەرکووک و پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى هەبوو.   
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە ماوەى دوو هەفتەى رابردوودا چەند کۆبوونەوەیەک کراوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو زەوییانەى کە بە گوێرەى بڕیارەکانى کاروبارى باکوور لە هاونیشتمانییانى کورد داگیر کراون کە نزیکەى 900 هەزار دۆنم دەبێت.
 
دەبوو ئەو زەوییانە بە گوێرەى بڕیاری ژمارە 29ـى ساڵى 2012ـى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بگەڕێنرابانەوە بۆ خاوەنەکانیان، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە. 
 
سەباح حەبیب رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنەکە، لە رێگەى فۆرمێکەوە ئەو پرسە چارەسەر دەکرێت کە هاونیشتمانییان پڕی دەکەنەوە بۆ وەرگرتنەوەى زەوییەکانیان بە بڕیارى ژمارە 29ـى ئەنجوومەنى وەزیران.
 
گرێبەستى ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى هاونیشتمانییانى کورد بە بڕیارى لیژنەى کاروبارى باکوور هەڵوەشێنرانەوە و بەدووجۆر کراون بە ناوى عەرەبى هاوردەوە.     
کاکەڕەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140بە رووداوى راگەیاند، ئەو پرسە دوو بەشە، یەکێکیان ئەوانەن کە کوژاندنەوە (ئیتفا) یان بۆ کراوە و زیاتر لە سێ هەزار دۆنمە و وەزارەتى کشتوکاڵ بە نووسراو ئاماژەى بەوەداوە کە کە گرێبەستەکانیان هەڵوشێنراوەتەوە، بەتایبەت لە سنوورى هەردوو ناحیەى شوان و قەرەهەنجیر. 
 
بە گوتەی کاکەڕەش سدیق زەوییەکانى دیکەش ئەوانەن کە بەناو کراون (ئیستیملاک) و لە دواى داگیرکردنیان کراون بە ناوى عەرەبی هاوردەوە و زیاتر لە سێ هەزار گرێبەستن. ئەوانە پەیوەستن بە وەزارەتى داد و نووسراو بۆ هەردوو تۆمارى خانووبەرەى یەک و دووى کەرکووک دەکرێت بۆ ئەوەى رێوشوێن بۆ گەڕانەوە ئەو زەوییانە بگیرنەبەر.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە