رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵی 2014 نێچیرڤان بارزانی کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو رایسپاردووە کاری جیدی بکەن بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و لیژنەیەکی تایبەتیشی لە حکومەت بۆ پێکهێناوە، لەوکاتەوە کار لە پرۆسەکە دەکرێت تاوەکو گەیشتە ئەنجام و هەڵەبجە بە فەرمی بووە نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە قۆناخەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و هۆکاری پەکخستنی پرۆسەکە لە 2014ـەوە تاوەکو ساڵی 2023 دەکات لە عێراق، هاوکات باس لەو سەرەتیانە دەکات، کە دوای بەپارێزگاکردن، هەڵەبجەییەکان لێی سوودمەند دەبن چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئامانج رەحیم لە رووداوی ئەمڕۆ:
رووداو: لەم کۆتاییانە زانیمان تۆ خەڵکی هەڵەبجە نیت، هێندە بەتەنگ پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بوویت و بە چڕی کارت لەسەر کردووە، ئەم پەیوەندییەی تۆ و هەڵەبجەییەکان چییە، لەکاتێکدا خەڵکی هەڵەبجە شەقامێکی شارەکەیان کردووە بەناوی بەڕێزتەوە؟
ئامانج رەحیم: من خۆم بە هەڵەبجەیی دەزانم، راستە لە هەڵەبجە لەدایک نەبووم، بەڵام هەڵەبجەییەکان هەموو بە کەسوکاری خۆم دەزانم، شەرەفێکی گەورە بوو بۆ من کە لە ژیانی وەزیفیمدا خودا ئەو دەرفەتەی بۆ رەخساندم بتوانم وەکو وەفایەکی بچووک بۆ قوربانییانی هەڵەبجە بەشدارییەکم لەم پرسە هەبێت.
راستییەکەی بەپارێزگاکردننی هەڵەبجە لە ساڵی 2013ـەوە کاتێک لە 16/3 و یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە خەڵک زۆر بە جیدی داوایان کرد، کە پێویستە هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا، ئەوکات من راوێژکاری یاسایی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی بووم، کە سەرۆکوەزیران بوو، کاک عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکوەزیران بوو، هەردووکیان بەشدارییان کردبوو لە رێورەسمی یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، لەوێ بەڵێنیان بە خەڵک دابوو هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا، بۆیە دەتوانم بڵێم راستە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، بەڵام پرۆسەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە مێژوویەکی خۆی هەیە، تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2013ش، بۆ یەکەمجار پەرلەمانی کوردستان لە 22/9/1999 بە بڕیاری ژمارە 11 بڕیاریداوە هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا، بەڵام تاوەکو ساڵی 2006 کە حکومەت یەکیگرتەوە و پەرلەمان یەکیگرتەوە ئەم بڕیارە تەنیا لەسەر کاخەز مایەوە و هیچ هەنگاوێک نەنرا بۆ جێبەجێکردنی، ئەمڕۆ ئەو کاروانەی لە ساڵی 2013ەوە دەستیپێکرا گەیشتە ئەنجام. هاوکات هەڵەبجە جگە لە بەپارێزگابوونەکەی، پێی گوتین ئەگەر کورد یەکدەنگ بێت، هێشتا دەرفەت زۆرە تاوەکو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کاربکەن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی باشتر.
ساڵی 1988 رژێمی بەعس هەوڵیدا هەڵەبجە بسڕێتەوە لەسەر نەخشەی کوردستان و عێراق و جیهانیش، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەغدا بڕیاریدا پارێزگایەکی نوێ لەدایکبێت لە هەرێمی کوردستان، ئەمە پێشمان دەڵێت خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر نەهامەتی و تاوانەکانی جینۆساید و کیمیاباران ئەگەر یەکدەنگ و یەکدەست بین دەتوانین رووبەڕووی هەموو ئەم مەترسییانە ببینەوە و دیسان کولتووری ژیانەوە لە هەڵەبجە دروست بکەینەوە، بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، من دەتوانم ئەو شایەتییە بدەم کە خەڵک بینی فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە یەکدەنگ بوون، هەموویان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کرد و قبووڵیان نەکرد، جارێکی دیکە بچنەوە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران ئەگەر بڕگەی یەکەم نەبێت لە بەرنامەی کاری پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدرێت، بەڵام دەتوانم ئەو شایەییەش بدەم هەر لە 2013ەوە بەراستی بەشێوەیەکی گشتیی هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بەبێ رەچاوکردنی هەر رایەکی جیاواز هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەبێت وەکو پرۆسەیەکی نیشتمانی کاری لەسەر بکرێت.
هەڵەبجە سەرەتا کە کرا بە پارێزگا سنووری ئیدارییەکەی شارەزوور و سەیدسادق و پێنجوێنیشی تێدابوو لە فەرمانی یەکەم لە ساڵی 2013 کە بەواژۆی کاک نێچیرڤان بارزانی دەرکرا و ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، بڕیاردرا هەڵەبجە گەورەتر بێت، چونکە لە یاسای پارێزگاکان و تەنانەت لە دەستووریش ژمارەی دانیشتووانی پارێزگا دەستنیشانکراوە، بەڵام دواتر ئەو 3 قەزایەی دیکە پێیانباشبوو لە قۆناخی یەکەم پارێزگاکە تەنیا هەڵەبجە بگرێتەوە، بۆیە ئێستا هەڵەبجە وەکو ئەوەی بڕیاری لەبارەوە دراوە و نەخشەکەی هاوپێچی یاساکەیە پێکهاتووە لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە، قەزای خورماڵ لەگەڵ ناحیەکانی بەمۆ و سیروان و بیارە، ماوەیەکیش پێش ئێستا بەڕێز وەزیری پلاندانانی عێراق واژۆی کرد لەسەر پێدانی کۆد بە هەڵەبجە وەکو لە رێبەری یەکە کارگێڕییەکان هاتووە کە کۆدی ژمارە 16ی وەرگرت، ئێستا هەڵەبجە لەسەر ئاستی جیهانیش خاوەنی کۆدی خۆیەتی وەکو پارێزگا.
رووداو: ئێوە رۆڵتان هەبوو لە دانانی نەخشەی کارگێڕی، عێراق هیچ تێبینییەکی هەبوو لەسەر نەخشەی کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە؟
ئامانج رەحیم: کاتی خۆی دوای ئەوەی لە 16/3/2013 پرۆسەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەستیپێکرد، دوای ئەوە بانگهێشتی نوێنەرانی ئیداری هەڵەبجە کرا بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران. فەرمان دەرچوو بە لەبەرچاوگرتنی فەرمانەکەی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1999 لەوێ هەڵەبجە کرایە پارێزگا. مادەی 141 لە دەستووری عێراق دەڵێت هەموو بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان کە پێش پەسندکردنی دەستوور دەرچوون، یاسایین و کارکردن پێیان بەردەوام دەبێت تاوەکو لە پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێندرێتەوە، بۆیە بۆ ئەم پرسە تەنانەت ئەگەر بابەتەکە ببەرێتە دادگەی فیدراڵیش، کە ئەوە ئەگەرێکی دوورە و ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە لە بنەمادا بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە پێویستی بە پرۆژەیاسا نەبوو، چونکە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێدرابوو، دوای ئەوەی بڕیارەکەش دەرچوو یەکێک لە گریمانەکان ئەوەبوو ئەگەر هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رەنگە وەکو پێویست سوودمەند نەبێت لە ئیمتیازاتەکانی پارێزگا لە عێراقدا، بۆیە هەر ئەوکات ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی کرا کە بەڕێز نووری مالیکی سەرۆکوەزیران بوو، لە 31/12/2013 ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەی بەپارێزگاکردن هەڵەبجەی پەسندکرد و ناردی بۆ پەرلەمان، ئێمەش ئەوکات لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بووین و یاداشتێکی یاساییمان پێشکێش کرد و ئەو بنەما یاساییانەمان خستەڕوو کە دەیسەلماند بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە جیاوازە لەوەی ئێستا بڕیار بدرێت پارێزگایەک لە عێراق دروست بکرێت، چونکە هەڵەبجە بڕیاری تەشریعی پەرلەمانی کوردستانی هەیە، کە ببێتە پارێزگا، جگە لەوەی کە سیمبوولی تاوان و جینۆسایدە هەر لەبەر ئەم ئیعتیبارانەش هەڵەبجە بووەتە پارێزگا دەنا لە هەرێمی کوردستان قەزای زۆر گەورەتر هەن و ژمارەی دانیشتووانیشیان لە هەڵەبجە زۆر زیاترە تاوەکو بکرێنە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە لە سەرەتای ساڵی 2014 پەیوەندی دارایی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر خراپ بوو، لە 2014ەوە تاوەکو 2023 پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەوێندرا و هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنرا.
دوای هاتنەسەرکاری کابینەکەی بەڕێز سوودانی، ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران جارێکی دیکە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەمان پەسەندکرد و بە نووسراوی بەڕێز سەرۆکوەزیران نێردرا بۆ حکومەتی فیدراڵی و لەوێش لە ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاساکە جارێکی دیکە پەسندکرا و نێردرا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، واتا دوو ساڵە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە چووەتە پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا و زیاتر لە 5 جار خرایە کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام بە داخەوە زۆرجار باسیان لە تەلەعفەر و دەشتی نەینەوا و شنگال دەکرد، بەڵام بە راستی ئەوە ستەمێکی گەورەیە ئەگەر هەڵەبجە بەراورد بکرێت بەو قەزایانە، چونکە هەڵەبجە سیمبولی قوربانیدانە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو عێراق، تراژیدیای کارەساتی هەڵەبجە هی ئەوەیە نەتەوەیەک پێی ببێت بە دەوڵەت.
رووداو: تۆ لە سەرەتاوە ئاگاداری ئەم پرۆسەیەیت، کێن ئەوانەی بە راستی رۆڵیان هەبوو لە بڕیاردان تاوەکو هەڵەبجە ببێتە پارێزگا لە 2013ەوە تاوەکو ئێستا؟
ئامانج رەحیم: دۆسیەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەتوانم بڵێم دۆسێیەکی نیشتمانی بوو، بەڕێز سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان (سەرۆک بارزانی) بەردەوام راسپاردەی وابوو کە بابەتی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەبێت دووربخرێتەوە لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی، لە 16/3/2013 کاتێک کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک عیماد ئەحمەد سەردانی هەڵەبجەیان کرد، لەوێوە خەڵکی هەڵەبجە بە جیدی داوای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەیان کرد، دوای ئەوەی ساڵی 2014 پرۆسەکە لەگەڵ عێراق راوەستا ئێمە نەدەکرا بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە رابگرین تاوەکو عێراق پەسەندی بکات بەتایبەتیش کە پەیوندییەکان چوونە دۆخێکی زۆر نالەبار، بۆیە لە ساڵی 2014 لیژنەیەک دروستکرا بە سەرۆکایەتی کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەوکات، بەڕێز کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ بوو، مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری شەهیدان بوو، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری بوو، مامۆستا مەولوود وەزیری هەرێم بوو بۆ کاروباری پەرلەمان و من و عەبدولرەحمان سدیق کە سەرۆکی دەستەی ژینگە بوو ئەندامانی ئەو لیژنەیە بووین، کە پێکهێنرا، تاوەکو پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ئامادە بکەین. لە 5/3/2015 بۆ یەکەمجار پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی بردە هەڵەبجە لەوێ یاسایەکمان دەرکرد بەناوی یاسای ئیدارەدانی پارێزگای هەڵەبجە، نەماندەتوانی پارێزگار دابنێین بۆ هەڵەبجە، چونکە بەپێی یاسای پارێزگاکان پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگا پارێزگار هەڵبژێرێت، بۆیە یاسای ئیدارەدانی پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، دوای ئەوەش پارێزگار دانرا و دوو جێگری بۆ دانرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە پارێزگای هەڵەبجە نەبووە خاوەنی ئەنجوومەنی پارێزگا.
ئێستا هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانیان کردووەتەوە لە پارێزگای هەڵەبجە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش هەڵەبجە خاوەنی بازنەی هەڵبژاردن بوو. لەمەودواش لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدی هەڵەبجە لە رێگەی پارێزگای سلێمانییەوە نوێنەرایەتی ناکرێت و هەڵەبجە خۆی نوێنەرانی خۆی دەنێرێتە پەرلەمان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەت و دامەزراوەکان، چونکە هەر حیزبێکی سیاسی بەرکەوتەی دەبێت لەنێو کابینەی حکومەت یەکێک لەو پێوەرانەی بەکاریدەهێنێت دابەشکردنی جوگرافی پۆستەکانیەتی و لەمەودوا هەڵەبجە سوودمەند دەبێت وەکو هەر سێ پارێزگاکەی دیکە.
رووداو: یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کە لە پەرلەمان پەسەندکرا چەند مادەیە و وردەکارییەکەی چۆنە؟
ئامانج رەحیم: یاساکە پێکهاتووە لە 4 مادە، 3 مادەی سەرەکییە، لە یاساکەدا بەمجۆرە مادەکان نووسراون:-
یاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق
مادەی یەکەم:
پارێزگایەک بە ناوی (هەڵەبجە) لە هەرێمی کوردستان دەهێندرێتەکایەوە و دەبێتە پارێزگای نۆزدەیەمین لە کۆماری عێراق و ناوەندەکەی قەزای (هەڵەبجە) دەبێت.
مادەی دووەم:
سنووری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە پارێزگاکە بەگوێرەی ئەو نەخشە و وێنانەی لەم یاسایەدا هاوپێچ کراون دادەندرێت.
مادەی سێیەم:
پێویستە وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەحکامەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادەی چوارەم:
ئەم یاسایە لە رێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کاری پێدەکرێت.
هاوکات لە خودی مادەکانیش گرنگتر هۆکاری دەرچوواندنی یاساکەیە بە جۆرێک تێیدا هاتووە: "بەگوێرەی پێویستییەکانی بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی گەورەی بیناسازی و دانیشتووان، کە شاری هەڵەبجە بەخۆیەوە دەیبینێت و ئەو قوربانییە گەورەیەی دانیشتووانەکەی پێشکێشیان کرد و ئەو زیانە مادی و مرۆیی و ژینگەییەی رووبەڕووی بووەتەوە لە ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانەوە، کە لەلایەن رژێمی لەنێوچوو بەرامبەری گیرایەبەر".
هاوکات ئەم یاسایە دەتوانرێت وابەستە بکرێت لەگەڵ مادەی 112ی دەستوور، کە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدراوە و دەڵێت هەرێمی کوردستان، جگە لەو بەشەی کە بەرکەوتی خۆیەتی بەپێی ژمارەی دانیشتووان لە هەمان کات شیاوی ئەوەیە قەرەبوو بکرێتەوە بەرامبەر هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی بەعس و لە سەروو هەمووشیانەوە هەڵەبجە، هەربۆیە دەتوانین بەم یاسایە و مادە دەستوورییەکان ئەگەر یەکدەنگ و یەک ریز بین، دەتوانین کار لەسەر ئەوەش بکەین، کە قەرەبووی هەڵەبجە بکرێتەوە، چونکە ئەگەر لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان پشکی هەڵەبجە لە بودجە دەستنیشان بکرێت، بۆ بەکاربردن و وەبەرهێنان و پرۆژەکان، هەمیشە ستەملێکراو دەبێت، بۆیە پێوەرێکی دیکە جگە لە پێوەری ژمارەی دانیشتووان، کە دەستووریش پاڵپشتیی دەکات ئەو ستەمە گەورەیەی لە هەڵەبجە کراوە.
رووداو: یاساکە روونە، بەڵام لە واقیعدا خەڵکی هەڵەبجە چییان لەم یاسایە دەستدەکەوێت؟
ئامانج رەحیم: هەڵەبجە لە هەموو هەڵبژاردنەکان وەکو پارێزگا بەشداریی دەکات، بەرکەوتەی هەڵەبجە هەر لە وەزیرەوە تاوەکو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکار و پۆستەکانی دیکە لە حکومەت پارێزراو دەبێت، هاوکات ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت هەڵەبجە خۆی دەنگ دەدات لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای خۆی، کاتێک بەڕێوەبەرێکی گشتی دادەنرێت پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەوە دەنگی پێبدرێت و ئاراستە بکرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر بودجەی پارێزگاکان دەستنیشانکرا ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە خۆی بڕیار دەدات بۆ چۆنێتی خەرجکردن و دابەشکردنی پرۆژەکان، لەسەر ئاستی عێراقیش بابەتی گەشەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان هەیە و لەمەشدا هەڵەبجە پشکی دەبێت. خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە بۆ کورد و هەرێمی کوردستان ئەوەیە ئەگەر ئەنجوومەنی ئیتیحادی لە عێراق دروست بکرێت، دوو کورسی زیاتر دەبێت بۆ کورد، چونکە بەپێی دەستوور پارێزگاکان نوێنەریان دەبێت لە دامەزراوە دەستوورییەکان، بۆ نموونە دەستەیەک هەیە بەناوی دەستەی چاودێری داهاتە ئیتیحادییەکان لەوێ هەموو پارێزگاکان نوێنەریان دەبێت.
رووداو: هەستت چۆنە کە شەقامێک بەناوی تۆ کراوە لە هەڵەبجە، یەکەمجارە شەقامێک لەو شارە بکرێت بەناوی کەسێک کە لە ژیاندایە؟
ئامانج رەحیم: ئەمە گەورەیی هەڵەبجەییەکانە، من تاوەکو تێکەڵی هەڵەبجەییەکان نەبووم نەمزانیبوو بۆچی هەڵەبجە بووەتە مەڵبەندی هەموو بزاوتێکی سیاسی و لانکەی ئەو هەموو شاعیر و ئەدیب و مامۆستا ئاینییە پایەبەرزانە، بە راستی خەڵکی هەڵەبجە خەڵکێکی زیندوون، لێرە بەدواوە ئەرکی ئێمە دەستپێدەکات کە تراژیدیای هەڵەبجە بگۆڕین و چۆن ژیان ببەخشینەوە بە هەڵەبجە.
ئەو کاروانەی لە 1999 و 2013 دەستیپێکرد ئەمڕۆ گەیشتە ئەنجام، هاوکات من هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەم دۆکۆمێنت کردوون هەر لە پرۆتۆکۆلەکانی پەرلەمان لە ساڵی 1999 تاوەکو بڕیارەکانی کاک مەسعود بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بڕیارەکانی کاک نێچیرڤان بارزانی، کە سەرۆکوەزیران بوو. بەڕێزیان منی راسپارد، کە بە جیدی دەستبکەین بە کارکردن بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، دواتر ئەو لیژنەیەی بە سەرۆکایەتی کاک قوباد دروست بوو و بەراستی لەم کابینەیەش بەڕێز کاک مەسروور بارزانی وەکو سەرۆکوەزیران و هەموو ئەنجوومەنی وەزیران توانیمان پرۆژەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە زیندوو بکەینەوە، لەدوای ئەمانەش بەراستی ئەگەر ئەو یەکدەنگی و یەکڕیزییەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان گرنگ بوو، هەڵەبجە پێیگوتین ئەگەر یەکدەنگ و یەکدەست بن دەرفەتەکان زۆرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ