لەگەڵ رەنج؛ بەهۆی ئاگری گەورەی بینا و بازاڕەکان رەخنە لە بازرگانان دەگیرێت

15-04-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
هەولێر دیجیتاڵ 

لە 50 رۆژدا بازاڕی لەنگەی هەولێر دووجار ئاگری گرت. جاری یەکەم لە 27ـی شوبات بوو؛ 8ـی ئەم مانگەش ئاگر تێیدا کەوتەوە و دەیان دووکان سووتان. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14ـی نیسان 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو بە میوانداریی سەربەست حوسێن،‏ ‎ئەندازیار ‌و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ‏مەترسییەكانی ‏ئاگركەوتنەوە لە بیناكانی هەرێمی كوردستان؛ هێمن وەهبی، راهێنەری نێودەڵەتیی بواری ئاگركوژاندنەوە؛ ئاری ئەكرەم، مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی ‏سەڵاحەدین؛ رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ‏سلێمانی؛ مەجرووم رەسووڵ، بازرگانی كەلوپەلی كارەبایی؛ شوان كەمال، پسپۆڕ و راهێنەر لە بواری ‏رێكارەكانی سەلامەتیی ئاگر لەنێو باڵەخانە و بازاڕەكان، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرە گەورەكان لە بازاڕ‌ و شوێنە ‏گشتییەكان خرایەروو.
 
تۆپەکانی ئاگرکوژێنەوە کواڵێتییان خراپە
 
راهێنەرێکی نێودەوڵەتیی بواری ئاگركوژاندنەوە دەڵێت "کواڵێتیی تۆپەکانی ئاگرکوژاندنەوە خراپن."
 
هێمن وەهبی، راهێنەری نێودەڵەتیی بواری ئاگركوژاندنەوە لەبارەی تۆپی ئاگرکوژێنەوەوە دەڵێت، "لە ساڵانی 2016 تاوەکو 2024 تاقیکردنەوەم لەسەر ئەو تۆپە کردووە، ئاگرم خستووەتە ژێری و بۆم روون بووەتەوە کە کار ناکات"؛ هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو تۆپانە بۆ شوێنی داخراو دروستکراون.
 
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ‏مەترسییەكانی ‏ئاگركەوتنەوە لە بیناكانی هەرێمی كوردستان پێی وایە، ژمارەی کەوتنەوەی ئاگر لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆرە و دەڵێت، "ئێستا خەریکی ئەوەین چارەسەری بۆ بدۆزینەوە."  
 
سەربەست حوسێن،‏‎ ‎ئەندازیار ‌و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ‏مەترسییەكانی ‏ئاگركەوتنەوە لە بیناكانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەکەدا گوتی، "لە ناوچەی دیکەی هاوشێوەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان، بەو ژمارە زۆرە، ئاگر ناکەوێتەوە."
 
لە شەش مانگی رابردوودا چوار رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر، دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراون. یەکێک لە ئاگرەکان کە رۆژی 8-12-2023 لە سۆران کەوتەوە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس. ئاگرەکانی دیکە زیانی گەورەیان بۆ دووکانداران هەبوو. 
 
"ئاماری ئاگرکەوتنەوە لە 2015 تاوەکو ئێستا، ساڵ بە ساڵ کەم بووەتەوە"
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ‏سلێمانی رایگەیاند، "هەر پڕۆژەیەک بێتە لای ئێمە، تاوەکو لە سەلامەتی شوێنەکە دڵنیا نەبین، مامەڵەی رایی ناکەین".
 
رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ‏سلێمانی دەڵێت، "ئاماری ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی 2015ـەوە ساڵ دوای ساڵ کەم بووەتەوە. لە 2015ـدا 1374 رووداو هەبوون. لە ساڵی 2023ـدا 665 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە." 
 
هەر لە بەرنامەکەدا شوان كەمال، پسپۆڕ و راهێنەر لە بواری ‏سەلامەتیدا گوتی، "دوای رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان ناکەین؛ یان لێکۆڵینەوە دەکەین بەڵام زانستی نییە، یانیش بەدوای هۆکارە ریشەییەکاندا ناگەڕێین. بۆیە ئاسانترە بڵێین رووداوەکان بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوون. لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکادا لە ساڵی 2021 نزیکەی 22 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، 6 هەزاریان بەئەنقەست بوون. دەکرێ ئەوەش چارەسەر بکرێت بە دانانی سیستمی ئاگرکوژێنەوە و کامێرای چاودێری." 
 
مەجرووم رەسووڵ، بازرگانی كەلوپەلی كارەبایی رەخنە لە بەشێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "بەشێک لە بازرگانەکانمان بێویژدانن و کاڵای کواڵێتیی نزم هاوردە دەکەن. بەشێک لە وایەر و کێبڵەکانی بازاڕ لەبری تەل، پووشیان تێدایە. ئەوە جگە لەوەی فێڵ لە هەموو پێکهاتەکانی دروستکردنی بەشێک لە بەرهەمەکان دەکرێت." 
 
ئەو بازرگانە کۆمەڵێک کاڵای لەگەڵ خۆی هێنابووە بەرنامەکەوە و باسی خراپیی کاڵاکانی کرد.
 
مامۆستایەک لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی ‏سەڵاحەدین دەڵێت، راپۆرتی کواڵێتیی کۆنترۆڵ گرنگە.
 
ئاری ئەكرەم، مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی ‏سەڵاحەدین لەبارەی سووتانی ماڵ و بازاڕەکان گوتی، "وایەرەکان گەرم دەبن و ئاگر دەکەوێتەوە. کواڵێتیی کاڵا زۆر گرنگە، چونکە رووپۆشی دەرەوەی ماوەیەک دەمێنێتەوە، بەو هۆیەوە بریسکەئاگری لێدەکەوێتەوە و رووداو روودەدات." 
 
هۆکار و چارەسەر دراونەتە حکومەت 
 
سەربەست حوسێن،‏‎ ‎ئەندازیار ‌و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ‏مەترسییەكانی ‏ئاگركەوتنەوە لە بیناكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "هاونیشتمانی دەبێت هۆشیاریی ئەوە پەیدا بکات، کە کاڵای هەرزان بۆ ماڵ و دووکانەکەی نەکڕێت. پلەی گەرمی و بوونی ئۆکسجین یارمەتیی سووتان دەدەن. لە هەرێمی کوردستانیش هەموویانمان هەن."
 
بە گوتەی سەربەست حوسێن، کۆکردنەوەی شتومەک بەو بڕە زۆرە وا دەکات ئاگر دوای کەوتنەوەی بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت. 
شوان کەمال، پسپۆر و راهێنەر لە بواری ‏سەلامەتی دەڵێت "ئێمە، ئەکادیمیای پێگەیاندنی پسپۆڕی کارەبامان نییە. ئەکادیمیای کارەبامان لە هەرێمی کوردستان پێویستە."  
 
مامۆستایەک لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی ‏سەڵاحەدینیش گوتی، ساڵی رابردوو کۆنفرانسێکیان رێکخستووە تایبەت بە کەوتنەوەی ئاگر و هۆکار و چارەسەریان لەو بارەوە داوەتە حکومەت. 
 
ئاری ئەكرەم، مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی ‏سەڵاحەدین گوتی، "ئەنجامی کۆنفرانسەکەمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار ناردووە، بەتایبەت وەزارەتی کارەبا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووەتەوە."
 
هەر لە بەرنامەکەدا هێمن وەهبی، راهێنەری نێودەڵەتیی بواری ئاگركوژاندنەوە گوتی، لە هەموو شوێنێکدا 'لێڤڵ یەک'ـی ئاگرکوژاندنەوە پێویستی بە خوێندن هەیە و گوتی، "پێویستمان بە دروستکردنی کارمەندی ئەکادیمییە." 
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ‏سلێمانی دەڵێت، "پەیمانگەیەکمان بەناوی بەرگریی شارستانی هەیە کە سەرجەم ئەفسەران و کارمەندانمان لە بەریتانیا خوێندوویانە و بڕوانامەیان هەیە." 
 
رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ‏سلێمانی گوتی، "پەیمانگەی بەرگریی شارستانی چاودێرە بەسەر بەرگریی شارستانییەکانی هەموو هەرێمی کوردستانەوە؛ خول و راهێنان دەڵێنەوە بە کارمەند و ئەفسەران."
 
بەکارهێنانی ئامرازەکانی دەربازبوون لە ئاگرکوژاندنەوە
 
راهێنەرێک پێی وایە خەڵک نازانن چۆن ئامرازەکانی تایبەت بە رزگاربوون و رزگارکردن لە ئاگر بەکاربێنن. 
 
شوان كەمال، پسپۆڕ و راهێنەر لە بواری ‏سەلامەتی گوتی، "خەڵک نازانن پەیژەی دەربازبوون بەکاربێنن؛ خەڵک نازانن چۆن هۆکارەکانی ئاگرکوژێنەوە بەکاربێنێن. پێویستە خەڵک هۆشیار بکرێنەوە و لە راگەیاندنەکان هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە." 
 
مەجرووم رەسووڵ، بازرگانی كەلوپەلی كارەباییش گوتی، "هێنانی کاڵای کواڵێتیی نزم لەبواری ئایینیشەوە رێگەپێنەدراوە؛ پێویستە مامۆستایانی ئایینی کاڵای کواڵێتیی نزم حەرام بکەن، چونکە ئەو کاڵا خراپانە بکوژی خەڵکن."  
 
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ‏سلێمانی، هەر هاونیشتمانی و کۆمپانیایەک داوای لیژنە بکات، "ئێمە هاوکاری دەکەین. لە رێگەی لیژنەیەکەوە ماڵەکەی یان کۆمپانیاکەی دەپشکنین."  
 
"پێویستە بەرگریی شارستانی خۆی بەدواداچوون بکات"
 
هێمن وەهبی دەڵێت، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کەمتەرخەمییان تێدا دەکرێت و ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە هەموو پڕۆژەکان بە گوێرەی "ستانداردەکان دروست بکرێن بێ کەموکوڕی. دەبێت دیزایینەکان رێکبخرێنەوە." 
 

 
ئاری ئەكرەم، مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی ‏سەڵاحەدینیش لەبارەی رێکخستنەوەی کارەبا و پاراستنی مرۆڤ لە تەزووی کارەبا گوتی "جۆزەیەک هەیە وا
دەکات مرۆڤ کارەبا نەیگرێت؛ پێویستە بازرگانانی کاڵای کارەبایی هاوردەی هەرێمی کوردستانی بکەن." 
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، لە ئەمریکا لە "ساڵی 2015ـەوە هەر ماڵێک دروست بکرێت، دەبێ ئەو جۆزەیەی تێدا بێت. ئیشی ئەوە جۆزە ئەوەیە کە هەر جۆرە بریسکەئاگرێک هەبێت، نایهێڵێت." 
 
سەربەست حوسێن، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ‏مەترسییەكانی ‏ئاگركەوتنەوە لە بیناكانی هەرێمی كوردستان پێیوایە، ئەگەر کۆمپانیای بیمە لە هەرێمی کوردستاندا هەبووایە، ئێستا زەرەر و زیانەکانی ئەو هەموو ئاگرکەوتنەوانەیان قەرەبوو دەکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".