کۆمیسیۆن تێستی ئامێرەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سبەی یەکەم تێستی ئامێرەکانی دەنگدان و گوێزەرەوەی زانیارییەکان و فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی لێژنە هونەرییەکانی کۆمیسیۆنەوە، سێشەممە، 16ـی نیسان، یەکەم تیست لەو سێ تێستەی دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڕێوەدەچێت، تێستەکەش لەلایەن دادوەر عەباس فەتلاوی، سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆن دەبێت."
تێستەکە لە 180 وێستگەی دەنگدان، کە حەوتیان وێستگەی دەنگدانی تایبەت و 173یان وێستگەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەکرێت و لە رێگەی لێژنەیەکی باڵاوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە ژمارەیەک لێژنەی لاوەکیی لێدروست دەبێت.
پێش هەموو هەڵبژاردنێک کۆمیسیۆن تێستی ئامێرەکانی و ئامادەیی فەرمانبەرانی بۆ بەڕێکردنی هەڵبژاردن دەکات، دەیەوێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی ئامێر و کەرەستەکانیان بۆ دابینکردووە، ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە دێنە پڕۆسەی دەنگدان.
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.