لافاو زیانی بە ئاژەڵدارانی بیسمیل گەیاند

رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی بیسمیلی سەر بە ئامەد لافاو دروستبوو، بەهۆیەوە زیانی زۆر بەر ئاژەڵداران کەوت.
 
بارانی بەخوڕ ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (14-4-2024) دەستیپێکرد و تەرزەشی بەدوادا هات.
 
ئەو شەپۆلەی بارانی بەخوڕ زیاتر شارۆچکەی بیسمیلی گرتەوە و لە چەند شوێنێکدا لافاو دروستبوو. ئاو لە سەر چەند رێگەیەکی سەرەکی کۆبووەوە و لافاو هاتووچۆی لە چەند شوێنێکی بیسمیل پەکخست.
 
زۆرترین زیانی لافاوەکە بە ناوچەی تەپە کەوت کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی بیسمیل دوورە. 
 
بەگوتەی شایەتحاڵان لافاو بووەتە هۆی مرداربوونی چەندین سەرئاژەڵ و پەلەور. 
 
بەدواداچوون بۆ تۆمارکردنی زیانەکان لەلایەن تیمی تایبەتی شارەوانییەوە دەستیان پێکردووە.