مەسرور بارزانی 'نیگەرانیی' خۆی لە دۆخی ئەمنیی سلێمانی دەردەبڕێت

16-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆخی پارێزگای سلێمانیی لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر تاوتوێ کرد و "نیگەرانیی خۆی لە دۆخی نالەباری ئەمنیی پارێزگاکە دەربڕیوە."
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەوی شەممە 15-04-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بارودۆخی سنووری سلێمانی و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ئەو سنوورەی پرسی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە "دۆخی نالەباری ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دەربڕی و پاڵپشتیی حکومەتی بۆ دابینکردنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە بە پارێزگار راگەیاند."

هاوکات لە راگەیێندراوێکدا پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە بۆردوومانەکانی ئەمشەوی سنووری قەزای پێنجوێنی پرسی، کە تیایاندا ناوچەکانی وریاوا و کانی میرانی باباعەلی و ساڵیاوا کرابوونە ئامانج، پشتیوانیی بەڕێزیانی بۆ پارێزگای سلێمانی و قائیقامیەتی پێنجوێن و خەڵکی سنوورەکە دەربڕی."

بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پەیوەندییەدا، "هیوای خواست ئەم رووداوانە کۆتاییان بێت و هیچ زیانێکی گیانیی و ماڵیی لێنەکەوێتەوە."

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمشەوی سنووری پێنجوێن، تائێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە