چیرۆکی سەرتاشین و لێدان لە پارێزەرێکی هەولێر: 'بە ژن و کچەکەم هەڕەشەیان لێکردم'

 
رووداو - هەولێر

محەممەد سۆفی پارێزەرە لە سنووری هەولێر و شەوی هەینی بۆ ماوەی سێ کاژێر لەلایەن چوار کەسەوە لێیدراوە؛ ئەو ماوەی دوو ساڵ پارێزەری ژنێکە و بڕیاربووە رۆژی یەکشەممە دادگایی جیابوونەوەی ژنەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام شەوی رابردوو لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرش کراوەتە سەر پارێزەرەکە.
 
محەممەد سۆفی، پارێزەر دەڵێت، "بە فێڵ منیان بردە ژێرزەمینی ماڵێک، یەک کەس منی برد، کەچی لە خوارەوە سێ کەس خۆیان حەشار دابوو. لێیان دام، بە هەر چواریان سەریان تاشیم، ڤیدیۆیان گرتم، ئەوەی داعش نایکات، ئەوان کردیان. لێیان پاڕامەوە و گوتم: بمکوژن لەو عەزابەی رزگارم بکەن. لە کۆتاییشدا گوتیان، گەر سکاڵا بکەیت، خێزان و کچەکەت دەهێنین و لەپێش چاوت ئەوها و ئەوهای  لێدەکەین. ئەو کەسە ناوی (ع. م)ە و هاوژینی موەکیلی منە و دوو ساڵە هەڕەشەم لێدەکات."
 
زۆزان حەسەن باسی کاتی گەڕانەوەی هاوژینەکەی (واتە پارێزەرەکە) بۆ ماڵەوە دەکات و دەڵێت، "تەلەفۆنێکم بۆ هات، هەر بە تەلەفۆنی خۆی پیاوێک هەڵیگرت و قسەی لەگەڵ کردم، گوتی: ئاگاداربە 10 خولەکی دیکە پیاوەکەت دێتەوە. منیش گوتم: تۆ کێیت؟ گوتی: مەمناسە و مەزانە کێم. ئیدی دەوری کاژێر 04:00ی بەیانی بە ئۆتۆمبێلی خۆی هاتەوە و سەبر دەهاتەوە، زانیم شتێک بووە."
 
محەممەد سۆفی دووەمین کەسە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەبنە قوربانیی حاڵەتی سەرتاشین.
 
ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەڵێت، "دەستدرێژی بۆ سەر پارێزەر، دەستدرێژییە لەسەر دادوەر و داواکارین بە زووترین کات تۆمەتباران دەستگیر بکرێن."
 
ئاسایشی هەولێر تاوەکو ئێستا توانیویەتی سێ کەس لەو تۆمەتبارانە دەستگیر بکات کە بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر ئەو پارێزەرەدا.