ئۆتۆمبێلێک لە سنووری پێنجوێن کرایە ئامانج؛ 'کوژراو و بریندار هەن'

15-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 07:00 لەنزیک گوندی وریاوا لە سنووری پێنجوێن ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کوژراو و بریندار هەیە. پزیشکێکی ئێشکگریش لە نەخۆشخانەی پێنجوێن دەڵێت، "هیچ کوژراو و بریندارێک نەبراوەتە نەخۆشخانەکەیان."

سەرچاوەیەک لە پێنجوێن بە رووداوی راگەیاند، درۆنێک لە شاخی شێخ حەسەن لەپشت گوندی وریاوا و کانی میران، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی کردووە و "دوو کوژراو و بریندارێک" هەن، ئەمەش جگە لە زیانی مادی.

هاوکات د. خالید عەبدوڵڵا، پزیشکی ئێشکگری نەخۆشخانەی پێنجوێن بە رووداوی راگەیاند، "هیچ کوژراو و بریندارێک نەهێندراونەتە نەخۆشخانەی پێنجوێن."

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، لە پێش بانگی ئێوارەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر گوندەکانی کانی میرانی کۆن و کانی میرانی بابە عەلی، وریاوا و ساڵیاوا سووڕاونەتەوە، دوای کاژێر 07:00 ئۆتۆمبێلێکی جۆری میکزەمینیی کردووەتە ئامانج و دوو کەس کوژراون و کەسێکیش بریندارە.

پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی تێکشکاوە و چەند جارێک بۆردوومان کراوە، سەرەتالە گوندی کانی میران بۆردوومان کراوە و زیانی بەرنەکەوتووە، بەڵام دواتر لە گوندی وریاوا بۆردوومان کراوە و تێکشکێندراوە، "بۆ ماوەیەکیش هیچ کەس نەیتوانیوە بچێتە شوێنی رووداوەکە، چونکە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەردەوام سووڕاوەتەوە."

زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ئۆتۆمبێلەکە "سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە" بووە و لەلایەن "درۆنی تورکیاوە" بەئامانج گیراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە