لە سنووری قەرەداخ گوندنشینان 25 گۆمی دەستکرد دروستدەکەن

15-04-2023
نزار جەزا
گۆمێکی دەستکرد لە سنووری قەرەداخ. وێنە: رووداو
گۆمێکی دەستکرد لە سنووری قەرەداخ. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

کەمبارانی و وشکبوونی کانیاوەکان وای لە بەشێک لە گوندنشینان کردووە گۆمی دەستکرد دروستبکەن. لە گوندی دەرەیانی سنووری قەرەداخ، پێنج ساڵ پێش ئێستا شەش کانی هەبوون، بەڵام هەموویان وشک بوون، خەڵکی گوند دەستەوەستان نەوەستان و دەستیان بە دروستکردنی گۆمی دەستکرد کرد، تاوەکو ئێستاش هەشت گۆمیان دروستکردووە.
 
یەکێک لەو 25 گۆمە دەستکردەکەی سنووری قەرەداخ، کە گوندنشینانی دەرەیانی سەروو دوو ساڵ پێش ئێستا دروستیان کرد، توانای گلدانەوەی زیاتر لە 35 هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە.
 
مامۆستا چۆمان رەفیق، مامۆستای ئایینیی گوندەکە دەڵێت، "زستانان باراناو لە گۆمەکەدا کۆدەکەینەوە و هاوینان سوودی لێوەردەگرین، لەسەر ئەرکی خۆمان و خێرخوازان دروستکراوە، ئەگەرنا حکومەت هاوکاریی نەکردووین، لەکاتێکدا ساڵانە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەشە."
 
دانیشتووانی گوندی دەرەیانی سەروو زیاتر بە ئاژەڵدارییەوە خەریکن، کاتێکیش هاوینان کانی و سەرچاوە ئاوییەکانیان وشک دەبن، ئاژەڵەکانیان بۆ ئاو خواردنەوە دەبەنە سەر گۆمە دەستکردەکان.
 
رێبەر هۆگر، گوندنشین ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر ئەم گۆمە نەبوایە، دەبوو ساڵی رابردوو خەڵکی گوندەکە هەموو ئاژەڵەکانمان بفرۆشتایە، کە نزیکی هەزار سەر ئاژەڵە، بۆیە زۆر سوودمان لێوەرگرتووە و بەشی دوو ساڵ وشکەساڵی دەکات."
 
نەریمان عوسمان، گوندنشین ئەوەی خستەڕوو، "پێش وشکەساڵییەکە 87 رەشەوڵاخم هەبوو، دواتر کردمە سێ سەر، بەڵام کە گۆمەکەمان دروستکرد 53 سەر بزن و کارم کڕییەوە."
 
هەرێمی کوردستان پێویستی بە 500 بەنداو و گۆمی دەستکرد هەیە، بەڵام تەنیا 17 بەنداو و 118 گۆمی دەستکرد هەن و 41 گۆمیش ساڵی رابردوو بڕیاری دروستکردنیان دراوە.
 
تاوەکو ئێستا نازانرێت چەند گۆمی دەستکرد لەلایەن هاونیشتمانییانەوە دروستکراون، بەڵام بەهۆی زۆرییانەوە، لە کۆتایی ساڵی 2022 رێنوێنییەک بۆ رێکخستنیان دەرچوو.
 
دکتۆر کاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ژمارەیەک پۆند لەلایەن هاونیشتمانییانەوە دروستکراون، بۆئەوەی دروستکردنیان رێکبخەینەوە و لەسەر بنەمای یاسایی و ئیداری و زانستی دروستبکرێن ساڵی رابردوو رێنوێنیی ژمارە 5ی پۆندەکانمان دەرکرد، ئەم رێنوێنییە کاری دروستکردنی پۆند و بەربەستی خاکی لەلایەن هاونیشتمانییانەوە رێکدەخاتەوە، بۆئەوەی زیانی ژینگەیی و ئابووری بۆ خەڵک تێدا نەبێت و بە هەڕەمەکی دروستنەکرێن."
 
تێکڕا تێچووی هەریەکێک لەو گۆمە دەستکردانەی ساڵی رابردوو حکومەتى هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی دان، 800 ملیۆن دینارە، ئەوانەش کە هاونیشتمانییان دروستیدەکەن لە 15 ملیۆن دینارەوە تاوەکو نزیکی 50 ملیۆن دینار دەڕوات، ئەمەش بەپێی گەورە و بچووکی و کوالێتیی گۆمەکە دەگۆڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلێکی 12 لەکاتی تاقیکردنەوە لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لە رۆژانی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 دوو کاژێر ئینتەرنێت رادەگیرێت

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی گواستنەوە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت پابەند دەکات لە رۆژانی تاقیکردنەوەی قوتابیانی 12ـی ئامادەییدا 2 کاژێر ئینتەرنێت رابگرن.