راگەیێندراوی ئاسایشی هەولێر لەبارەی هێرشکردنە سەر پارێزەرێک و شەڕی دوو بنەماڵە

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لە ناحیەی کەورگۆسک و هێرشکردنە سەر پارێزەر محەممەد یابە سۆفی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەشت کەس لەسەر شەڕی دوو بنەماڵەکە و سێ کەسیش لەسەر هێرشکردنە سەر پارێزەرەکە دەستگیر کراون.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لەبارەی شەڕی دوو بنەماڵە لە گوندی ئاغوڵانی سەر بە ناحیەی کەورگۆسک دەڵێت، دوو بنەماڵەکە دانیشتووی ئەو گوندەن و "لەسەر کێشەی زەویوزار بووەتە دەمەقاڵەیان و پاشتریش تەقە لەنێوانیاندا روودەدات، دەستبەجێ مەفرەزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە."

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، تەقەکەران پێکهاتبوون لە هەشت کەس و دەستگیرکران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە بە مەبەستی وەرگرتنی رێکارە یاساییەکان.

شەوی رابردوو لەلایەن چەند کەسێکەوە لە هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر محەممەد یابە سۆفی و ئاسایشی هەولێر دەڵێت، "دەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە و وەزیری ناوخۆ سێ تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیر کران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت."

ئاسایشی هەولێر دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان و دەڵێت، "پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر و هاوشاریانمان ئەرکێکە و بەزاندنیان هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و راپێچی بەردەم دادگەیان دەکەین."

محەممەد یابە سۆفی لە نەخۆشخانەوە لەبارەی رووداوەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، چوار کەس بوون و یەکێکیان دەمامکدار بوو، بە سێ کەس لێیان داوە، بۆیە "کەپووم شکاوە، لە پشتم، لاقم، سەرم و پێیەکانم برینم هەیە. هەموو لەشم بووە بە برین، زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم دوو بووتڵ خوێنم لێ رۆیشتووە."

"ئەمە لە کۆمەڵگەی کوردەواری ناوەشێتەوە"

ئەو پارێزەرە لە بەشێکی قسەکانیدا لەبارەی شێوازی ئەشکەنجەدانەکەی لەلایەن ئەو چوار کەسەوە، باسی لەوەش کرد کە بەهۆی زۆریی لێدانەکەوە، ئێستا دۆخی تەندروستیی باش نییە، چونکە "زۆر بێ رەحمانە لێیان دام". گوتیشی، یەكێکیان کە دەمامکدار بوو، هاوکاریی سێ کەسەکەی دیکەی دەکرد.

پارێزەرەکە پێیوایە ئەو هەڵسوکەوتە لەگەڵ "نەریتی کۆمەڵگەی کوردەواری" ناگونجێت و دەڵێت کەسە دەمامکدارەکە "دەچووە دەرێ و دەهاتەوە، بە فێڵ ئیشەکەیان کرد. کەوتمە بەر دەست و پێیان و نەمتوانی بەرگریی لەخۆم بکەم."

محەممەد یابە سۆفی دەڵێت، یەکێک لە هێرشکارەکان دەناسێتەوە و دووانەکەی دیکەیش ئەگەر بیانبینێت، دەیانناسێتەوە. لەبارەی دەمکدارەکەشەوە گوتی، "نایناسم."

پێشتریش یونس یابە، برای ئەو پارێزەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو بووە و براکەی لە گەڕەکی شێخ ئەحمەد لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر لە نزیکی ماڵی خۆی ئازاد کرا.

یونس یابە دەڵێت، جگە لە ئەشکەنجەدان، چەکدارەکان سەری براکەیان تاشیوە و گوتی، "بەداخەوە سەرتاشینیش خەریکە دەبێتە نەریتێک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵک."

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی هەولێرەوە دەستی کەوتووە، هێزەکانی ئاسایش بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر پارێزەرەکە چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە و هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکەی رووداوەکە بەردەوامە.

ئەو پارێزەرە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد کە "هەموو شت ناگوترێت"، بەڵام بە تۆمەتبارەکانی گوتووە کە "گولـلەیەکم لێ بدەن با بمرم، بۆچی بەوشێوەیە ئازارم دەدەن."