دەزگای روانگە سەبەتەی خۆراک بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا دابەش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە 5 هەزار سەبەتەی خۆراک بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا دابەش دەکات. بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی دەزگاکە دەڵێت، ئەم هەڵمەتە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و هاوکارییەکەش بەشی یەک مانگی خێزانێکی چوار کەسی دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 15-04-2023، دەزگای روانگە هەڵمەتێکی بۆ دابەشکردنی پێنج هەزار سەبەتەی خۆراک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەستپێکرد کە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
گۆڤار کامیل، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن لە دەزگای روانگە لەبارەی هاوکارییەکە بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم هەڵمەتە لە پێنج هەزار سەبەتەی خۆراکدا خۆی دەبینێتەوە و هەر سەبەتەیەکیش پێکهاتووە لە 35 کیلۆ خواردەمەنی سەرەکی وەک برنج، شەکر، رۆنی شل، دۆشاوی تەماتە، فاسۆلیا و هەندێک خواردنی دیکە.
گۆڤار کامیل گوتی، ''بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە، بەشە خۆراکەکە بە رادەی پێداویستیی یەک مانگی خێزانێکی چوار کەسی دەبێت.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی دەزگاکە، مەبەستی سەرەکیی دابەشکردنی ئەم بەشە خۆراکە ''ئەوەیە کە هێشتا لە مانگی رەمەزانداین و هەفتەیەک بۆ جەژن ماوە. دەمانەوێت یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی ئەو خێزانە کەمدەرامەتانە بتوانن لە رۆژانی جەژن و دوای جەژنیشدا سوود لە یارمەتییەکە وەربگرن.''
لەبارەی میکانیزمی دەستنیشانکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان، گۆڤار کامیل گوتی، ''بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، هەوڵمان داوە لیستی ئەو خێزانە کەمدەرامەتانە وەربگرین و پەیوەندییان پێوە بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سەبەتە خۆراکەکانیان پێبدەین.''