ئاسایشی خەبات ئەو تۆمەتبارە دەستگیردەکات کە بەهۆی هەڕەشەکانییەوە کچێک خۆی سووتاند


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە ناحیەی رزگاریی سەر بە قەزای خەبات کچێکی تەمەن 18 ساڵ بە ناوی مەهران بەهۆی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لەلایەن کوڕێکەوە، خۆی سووتاند و دواتر گیانی لەدەستدا، ئاسایشی خەبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە و لێکۆڵێنەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ شەممە، 15-4-2023، عەبدولکەریم حامد، باوکی مەهران هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، تۆمەتبارەکە "لە لایەن ئاسایشی خەباتەوە دەستگیر کراوە."
 
لە سەرەتای ئەم ڤیتییەدا دیمەنی شەڕە تەقەکەی ئێوارەی رۆژی هەینی لە ناحیەی رزگاری دەبین کە ئەو رووداوە بەهۆی گیانلەدەستدانی مەهرانەوە بوو. مەهران 4ـی نیسان خۆی سووتاند و رۆژی هەینی، 14ـی نیسان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. پێش گیانلەدەستدانی رایگەیاندبوو، هۆکاری خۆسووتاندنەکەی ئەوە بووە کەسێک بە ناوی "ع. م" هەڕەشەی لێکردووە و پێیگوتووە گەر لەگەڵی نەبێ، وێنەکانی بڵاودەکاتەوە و براکەشی ئاگادار دەکاتەوە.
 
مەهران لەوکاتەی لە نەخۆشخانە بووە بەمشێوەیە باسی لە هەڕەشەی کوڕەکە کردووە و دەڵێت، "گوتی بە من دەبێ بێیتە مەوعید ئەگەر تۆ ئەوە نەکەی دەڵێمە باب و براکەت بتکوژن." دواتر دایکی لێی دەپرسێت ناوی کوڕەکە چییە؟ مەهران دەڵێت، "ع . م"، جارێکی دیکە دایکی پرسیاری لێ دەکاتەوە و دەڵێت: هەڕەشەی لە تۆ کرد؟ مەهران لە وەڵامدا گوتی: بەڵێ.
 
عەبدولکەریم حامد، باوکی مەهران باسی لەوە کرد، "ئەگەر کچەکەی منی خۆشویستبا، کچەکەم بۆ خۆی دەسووتاند؟ دەیگوت: وەرە داخوازیم و ئێمەش دەماندایێ، بەڵام لە بری ئەوە هەڕەشەی لە کچەکەم کردووە و گوتوویەتی ئەگەر لەگەڵم نەیتە ژوان، وێنەت بڵاودەکەمەوە و پێشانی باوک و براکەت دەدەم، کچەکەشم لە ترسان خۆی سووتاند."
 
"ع . م" تەمەنی 30 ساڵە و سێ منداڵی هەیە، بە قسەی پارێزەکەی، بەڵگەی پێویست لەبەردەست نییە کە بیسەلمێنێت "ع. م" تاوانبارە.
 
یاسین حەسەن، پارێزەری "ع. م" ئاماژە بەوە دەکات، "بە بڕیاری دادوەری قەزای خەبات بە کەفالەت ئازاد کراوە، بۆیە دادوەری لێکۆڵینەوە ئەو دەسەڵاتەی هەیە کەفالەتەکە هەڵبوەشینێتەوە."
 
بریندارانی شەڕە تەقەکەی خەبات ژنێکی تەمەن 28 ساڵ، پیاوێکی تەمەن 47 ساڵ و کوڕيکی تەمەن 16 ساڵن کە دۆخی تەندروستیی ژنەکە ناجێگیرە.