سنووری 14 وڵات بە پایسکیل دەبڕێت و لە خەلیفان مۆبایلەکەی لێدەدزرێت

رووداو دیجیتاڵ 

گەشتیارێک دوای ئەوەی سنووری 14 وڵات بە پایسکیل دەبڕێت لە شارۆچکەی خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مۆبایلەکەی لێ دەدزرێت. گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە رووداوی راگەیاند، دوو کەس لەسەر دزینی مۆبایلی گەشتیارەکە دەستگیرکراون و مۆبایلەکەش بۆ خاوەنەکەی گەڕێنراوەتەوە. 
 
شەمال دیوالی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران رۆژی هەینی 15-4-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەشتیارەکە بەیانی ئەمڕۆ لەنێو شارۆچکەی خەلیفان مۆبایلەکەی لێدزرابوو، دوای ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد توانیمان لە ماوەی 8 کاژێردا تۆمەتبارەکان دەستگیربکەین."
 
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران دەشڵێت، گەشتیارەکە خەڵکی ئەڵمانیایە و‌ بە‌ پایسكیل سنووری 14 و‌ڵاتی بڕیوە‌، بە‌ مە‌بە‌ستی درێژە‌دان بە‌ گە‌شتە‌كە‌ی سە‌ردانی ھە‌رێمی كوردستانی کردووە و "ئە‌مڕۆ كاتێك لە‌ سنووری ناحیە‌ی خە‌لیفان پشوو دە‌دات مۆبایلە‌كە‌ی دە‌دزرێت."
 
شەمال دیوالی ئاماژە بەوە دەدات دوای ئەوەی گەشتیارەکە مۆبایلەکەی لێدزراوە پەیوەندی کردووە بە پۆلیسی نێو شاری سۆران [ئێشکگری بنکەی پۆلیسی خەلیفان] و لە بابەتەکە ئاگاداری کردوونەتەوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتی راشیگەیاند کە "دە‌ستبە‌جێ ئە‌فسە‌ر و كارمە‌ندانی بنكە‌‌ی پۆلیسی خە‌لیفان دە‌ستیان بە ‌لێكۆڵینە‌وە‌ کرد، توانیان لە ‌ماوە‌ی هەشت كاژێر تۆمە‌تباران دە‌ست نیشان بكە‌ن و پە‌ڕوای لێكۆڵینە‌وە‌یان بۆ رێكخرا و بە‌ڕێز دادوە‌ری لێكۆڵینە‌وە‌ بە‌پێی ماددە‌ی 446ی سزادان بڕیاری دە‌ستگیركردنی تۆمە‌تبارانی دە‌ركرد."
 
ئێستا تۆمەتبارەکان لە بنكە‌ی پۆلیسی خە‌لیفان دە‌ستگیركران و بەگوتەی شەماڵ دیوالی "دانیانا بە تاوانەکەدا و مۆبایلی دزراو رادەستی خاوەنەکەی کرایەوە."