رووداو دیجیتاڵ
مراد زارعی، جووتیارە و رەنجی 11 ساڵ ماندووبوونی لە یەک شەودا بە خەسارچوو، بۆیە فرمێسکی لەچاوی نابڕێ. ئەو جووتیارە ساڵی 2009 بە ئیمتیازی کەمئەندامی شەڕ، ئەو زەوییە بەیارەی گوندی گەزنەی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سنە وەرگرت و کردییە باخ. دوو هەفتە پێش ئێستاش شەوێک باخەکەی جێدێڵێ و دەگەڕێتەوە نێوشار، بۆ بەیانییەکەی دەبینێت زیاتر لە دوو هەزار دار و نەمامی لەنێوچوون.
مراد زارعی، خاوەن باخە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شەوی 1ـی نیسان رووداوەکە روویداوە، ئەوکات چووبوونەوە بۆ سنە، بۆ بەیانییەکەی کاتێک چوونەتەوە سەر باخەکە رووداوەکەیان بینیوە. دەڵێت، "سەرم بەرزکردەوە و بینیم دارەکان کەوتبوونە سەر زەوییەکە، مازیار پێی گوتم، رەنگە بەهۆی باوە وایان لێهاتبێت، بەڵام کاتێک هاتم بینیم دارەکان بڕاونەتەوە."
خاوەنی باخەکە سەرەتا رایگەیاند دوو هەزار و 300 داری بڕدراونەتەوە، بەڵام لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا گوتی، نزیکەی هەزار و 200 داری هەشت ساڵە بڕدراونەتەوە و زیاتر لە هەزار نەمامیش هەڵکێشراون.
بە گوتەی مراد زارعی، زیانە ماددییەکەی بە 520 ملیۆن تمەن دەخەمڵێندرێن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای سنە رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، 600 دار لەو باخە بڕدراونەتەوە کە تەمەنیان لەنێوان 3 بۆ 6 ساڵ بووە و پێشنیازی قەرەبووکردنەوەی 500 داریان بە خاوەنی باخەکە داوە، بەڵام رەتیکردووەتەوە.
مراد زارعی باسی لەوە کرد، هەشت ساڵە دارەکان بەخێو دەکات، دەشڵێت، "خوا قبووڵ دەکات" ئێستا ئاوا بڕیویانەتەوە؟
ئهو رووداوه که له نزیک گوندی گهزنهی شاری سنه روویداوە، کاردانهوهی بهرفراوانی هاووڵاتیان، به تایبهت ژینگهدۆستان و چالاکانی مهدهنی رۆژههڵاتی کوردستانی لێکهوتهوه.
دوو هەفتە بەسەر ئەو رووداوەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا کەس لەسەر بڕینەوەی ئەو دارانە دەستبەسەر نەکراوە. پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە، بەڵام هیچ سەرەداوی دەستنەکەوتووە.
جگە لە ئەنجامدەرانی، تاوەکو ئێستا کەس هۆکاری راستەقینەی بڕینەوەی ئەم دارانە نازانێت، بەڵام لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا دەنگۆی جیاواز بڵاو بووەتەوە. هەندێک دەڵێن، لەوانەیە کاری خەڵکێکی دانیشتووی گوندی گەزنە بێ کە خۆیان پێ خاوەنی زەوییەکەیە.
دەنگۆی ئەوەش هەیە کە خاوەنی باخەکە سەر بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران بێ و بڕینەوەی دارەکان، هۆشداری بێ پێی درابێت. هەروەها دەگوترێ لەوانەیە خاوەن باخ خۆی ئەو کارەی کردبێ، تاوەکو لە بیمە قەرەبوو بکرێتەوە.
مراد زارعی هەموو ئەوانە رەتدەکاتەوە و بە گریانەوە بە رووداوی گوت، 51 ساڵ تەمەنیەتی و تاوەکو ئێستا هەڵەیەکی نەکردووە، خوازیاریشە ئەو کەسە بەخۆی بگوتبایە بۆ ئەو کارەی کردووە. "خۆیشم گومانم له کهس نییه، چونکه دووژمنداریم لهگهڵ کهسدا نهبووه".
مراد دەشڵێت ئەو 11 ساڵ پێش ئێستا، ئهم زهوییهی له کشتوکاڵی سنه وهرگرتووە و "لهوکاتهدا ئێره بیابانیکی رهش و رووت بوو، خانووەکەم لە سنە و ئۆتۆمبێلهکەیشم فرۆشت بۆ ئهوهی ئێره ئاوهدان بکهمهوه."
دەورووبەری باخەکەی مراد زارعی چەندین باخی دیکەی لێیە. ئەوان هیچ زیانیان پێنەگەیێندراوە، بەڵام خاوەنەکانیان نیگەرانن، ئەو چارەنووسە تووشی ئەوانیش بێت.
ئهحمهد ساعدی، تەمەنی 45 ساڵانە و یهکێک له هاوسێ باخهکانی مرادە، دهڵێت "من زیاتر له 10 ساڵه لهگهڵ کاک مراد هاوسێ باخین، جگه له چاکه نهبێت هیچمان لێ نەبینیوە و لهگهڵ کهس کێشهی نهبووه، ئهمه هۆشداریێکه بۆ خاوهن باخهکانی ئهم ناوچهیه، که ئهگهری دووباره بوونهوهی کارهساتهکه ههیه، ههر بۆیه داواکارم له لایهنه پهیوهندیدارەکان بکهرانی ئهو تاوانه بدۆزنهوه و بەپێی پێویست سزا بدرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ