گالەری

15-04-2019
17 Photos
رووداو @Rudawkurdish

رووداو - سلێمانی 

لەماوەی هەفتەیەکدا سێ حاڵەتی کوشتن لە شاری سلێمانی تۆمار کراون، پۆلیسی شارەکە روونکردنەوە لەبارەی رووداوەکان دەدات و دەشڵێ "ھیچ رووداوێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە".

ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-4-2019) گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "رووداوەکانی کوشتن لە شاری سلێمانی پەیوەندییان بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە".

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی گوتی "لە ماوەی ھەفتەیەکدا سێ حاڵەتی کوشتن لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویان داوە، بەڵام رووداوەکان لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بوون و ھیچ پەیوەندییەکییان بە ئارامیی شاری سلێمانییەوە نییە. ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی ھەوڵی دەستگیرکردنی بکوژی تاوانەکانی کوشتن دەدەن و ھیچ رووداوێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا نەقیب سەرکەوت ئەحمەد جەختی کردەوە لەوەی "ئێستا ھیچ تاوانبارێک داڵدەنادرێت. ئەگەر بزانین تاوانبارێک داڵدەدراوە، راستەوخۆ ھێزەکانی پۆلیس تاوانبارەکە و داڵدەدەرەکە دەستگیردەکەن. ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی دڵنیادەکەینەوە، ھێزەکانی پۆلیس بەردەوام ھەوڵی ئەوە دەدەن شاری سلێمانی لە رەوشێکی ئارامدا بێت".
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا نەقیب سەرکەوت رایگەیاند بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان 29 كه‌سیان به‌ تۆمه‌تەکانی‌: دزیكردن، ساختەکردنی پاره ‌‌و ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ده‌ستگیركردووه، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ به‌رده‌وامه،‌ ھەروەھا حاڵەتەکانی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەر زیادیان کردووە.