هەشت زیندانی لە نەوجەوانانی دهۆك هەڵاتن و دەستگیركرانەوە
رووداو - دهۆک
شەوی رابردوو 8 زیندانی لە چاكسازی نەوجەوانانی دهۆك هەڵاتوون و پاش چەند كاژێرێك دەستگیركرانەوە.
سلێمان ئالیخان، بەرپرسی نووسینگەی دهۆكی تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند لەكاژێر 2:30خولەكی شەوی رابردوو 8 زیندانی لە چاكسازی نەوجەوانانی دهۆك هەڵاتوون و پاش ماوەیەك 5یان دەستگیركراونەتەوەو بەرەبەیانی ئەمڕۆش سیانەكەی دیكەیان دەستگیركراونەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە سلێمان ئالیخان گەیشتووە، یەكێك لەوانە بە تاوانی كوشتن زیندانی كراوە.
بۆ بەدواداچوونی زیاتری ئەم هەواڵە (رووداو) پەیوەندی بە چەند لایەنێكی پەیوەندیداری حكومی كرد، بەڵام بەپاساوی ئەوەی ئەمڕۆ پشووە هیچ لێدوانێكیان نەدا.
لە چەند ساڵی رابروودا ئەمە سێیەمین حاڵەتی هەڵاتنی زیندانییە لە پارێزگای دهۆك، لەساڵی 2009 لە چاكسازی گەورانی دهۆك زیندانییەك هەڵات و لەساڵی 2011دا یازدە زیندانی دیكە هەڵاتن.