کوردستان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 4-4-2023 لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی ئەرکی هەردوو فیرقەی یەک و دووی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، وێنە: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
پشکنەری گشتیی ئەمریکا سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو کارنامەی هێزەکانی پێشمەرگەی پەسند کرد، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیووە.
دەشڵێت، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ (شەممە 15ـی ئاداری 2025) راپۆرتی وەرزیی سێ مانگی کۆتایی پاری پشکنەری گشتیی حکومەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە کاری هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، باشوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریا بڵاوکردەوە، بەشێکی راپۆرتەکە تایبەتە بە کاری هاوپەیمانان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "بەشێکی گرنگی پلانی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بریتییە لە؛ گواستنەوەی کارمەندانی سەر بە هێزەکانی 70ـی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و یەکەی 80ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو ئەیلوولی 2026".
هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی پێشمەرگە
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "هێزەکانی دژەتیرۆری حیزبی، پۆلیسی پاراستنی نەوت و پۆلیسی سەربازی، لە دەرەوەی یەکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دا دەبن".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ ئەو پێشمەرگانەی دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، دەخرێنە سەر 11 یەکە، بەسەر دوو فەرماندەیی ناوچەییدا دابەش دەبن و نزیکەی 138 هەزار پێشمەرگەیان دەبێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، پێکهێنانی فەرماندەییەکان پێویستی بە پەسندکردنی پلانەکەیە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە راپۆرتەکەدا پشکنەری گشتیی ئەمریکا ئاماژەی بە بەئەلیکترۆنیکردنی وەرگرتنی مووچە لەلایەن پێشمەرگە، وەکو بەشێکی چاکسازی لە وەزارەتەکە دا کردووە، کە دەبێتە هۆی "کەمکردنەوەی دەرفەتی گەندەڵی".
راپۆرتەکە دەڵێت، 70 هەزار پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ناویان بۆ وەرگرتنی مووچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمارکراوە و تەنیا 17 هەزار پێشمەرگە ماون، کە هێشتا مووچەکانیان بە کاش وەردەگرن.
پرۆسەی خانەنشینکردنی ئەو پێشمەرگانەی گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی، بەشێکی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە کە راپۆرتەکە ئاماژەی پێکردوون.
راپۆرتەکە دەڵێت، 100٪ـی ئەوانەی دەبێت خانەنشین بکرێن، تاوەکو "تشرینی یەکەمی 2026" خانەنشین دەکرێن. تاوەکو ئێستا لە 36 هەزار پێشمەرگە کە گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی، 18 هەزاریان خانەنشینکراون. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی خانەنشین نەکراون "پێنج هەزاریان لە یەکەی 80 و 13 هەزاریشیان لە یەکەی 70ـن".
رۆژی 3ـی شوباتی ئەمساڵ، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فیرقەکانی 3 و 4ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
نێچیرڤان بارزانی باسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەرەوپێشچوونەکانی لەم بوارە دا کرد. لەوێ رایگەیاند "ئەم دەستکەوتە نیشانەی ئیرادەی پتەومان و بەرهەمی ئەو قوربانییە گەورەیە کە گەلی کوردستان و پێشمەرگە لەماوەی چەندین دەیە پێشکێشیان کردووە."
پشکنەری گشتیی ئەمریکا: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بەردەوامن
پشکنەری گشتیی ئەمریکا لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، "کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، لەوانە داخستنی بۆریی عێراق-تورکیا و دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی کارمەندانی کەرتی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژی 20ـی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکەی کرد.
بە پشتبەستن بە گوتەی لێکۆلینڤانان لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، هیچ کام لە حیزبەکان ناتوانن حکومەت پێکبهێنن و پێکهێنانیشی پێویستی بە رێککەوتنی لایەنەکانە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق و ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی ئەمریکا لە هەولێر دوای هەڵبژاردنەکە لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە و داوایان لێکردن، "بەیەکەوە کار بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن پێویستییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق دابین بکەن و لە گفتوگۆکانیش دا لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە پرسە گرنگە هاوبەشەکان و کارکردن لەسەر پرسەکانی یاسادانان، بەردەوام بن."
شەڕی نێوان هەسەدە و سوپای نیشتمانیی سووریا
پشکنەری گشتی، لە راپۆرتەکەیدا باسی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و زۆرترین سەرنجیشی لەسەر هەسەدە و رووبەڕووبوونەوەکانی بووە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا و داعش.
پشکنەرەکە دەڵێت، "شەڕی نێوان سوپای نیشتمانیی سووریای پاڵپشتیکراو لەلایەن تورکیا و هەسەدە لە باکووری سووریا چڕبووەتەوە".
گوتیشی، "پێشڕەوییەکانی سوپای نیشتمانی سووریا لە تەلڕەفعەت و منبج بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتیی سڤیل و چەکداری کورد لە رۆژهەڵاتی رووباری فوڕاتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە لە پارێزگای رەققە."
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، شەڕ لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بەردەوامە، کە پێشتر سەرچاوەیەکی گرنگی کارەبای باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوو.
دوای رووخانی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پارەوە، شەڕی نێوان هەسەدە و سوپای نیشتمانیی سووریا فراوان بوو. بە گوێرەی پشکنەری گشتیی ئەمریکاش، "شەڕەکە کاریگەریی لەسەر تواناکانی هەسەدە بۆ پاراستنی سەقامگیری لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هەبووە."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، "بەردەوام ئەمریکا گفتوگۆی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، باسکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و زیادکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە دا".
رووخانی رژێمی ئەسەد و زیادبوونی مەترسییەکانی داعش
پشکنەری گشتیی ئەمریکا لەبارەی زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، "رووخانی رژێمی ئەسەد، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی پلانی داعش بۆ دەرهێنانی چەکدارانی لە گرتووخانەکانی هەسەدەدا و قۆستنەوەی دۆخی ئاوارەکانی نێو کەمپی هۆل".
پشکنەرەکە گوتەکانی لۆید ئەوستن، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکای بە نموونە هێناوەتەوە کە کانوونی یەکەمی پار گوتبووی، "هێزەکانی ئەمریکا پێویستە بۆ رێگری لە خۆبنیاتنانەوەی داعش و پاڵپشتیکردنی هەسەدە بۆ پاراستنی ئاسایشی گرتووخانەکان و ئاوارەکان لە کەمپی هۆل لە سووریا بمێننەوە."
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، ئەجبار داود، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە، داعش 27 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانیان. دەشڵێت، پلانێکی نوێی داعشیشیان بۆ هێرشکردنە سەر گرتووخانەیەکی حەسەکە هەڵوەشاندووەتەوە.
گوتەبێژی هەسەدە ناوی گرتووخانەکەی ئاشکرانەکرد، کە داعش دەیویست هێرشی بکاتە سەر، بەڵام گوتی رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە پلانی دیکەی هاوشێوە بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی پشکنەری گشتیی ئەمریکا، تشرینی دووەمی رابردوو، هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی چەند رۆژەی بۆ پاراستنی ئەمنییەتی کەمپی هۆل بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەل و حەشارگەکانیان کرد.
رۆژی 13ـی کانوونی دووەمی پار، میدیای بەریتانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد. عەبدی رایگەیاند، "مەترسیی داعش لە کەمپەکان و گرتووخانەکاندا بەردەوامە لە زیادبوون و بەگشتی جووڵەیان زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش، ئەگەر بمانەوێت رێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بکەین."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتیشی، "داعش هێشتا دەیەوێت یان پلان دادەنێت بۆ شکاندنی گرتووخانەکان." هەروەها، هۆشداریی ئەوەشی دا، ئەگەر داعش لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێت، دەبێتە مەترسیی شەپۆلێکی گەورەی "تیرۆر" لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەشیدا.
ژمارەیەک گرتووخانە و کەمپی تایبەت بە چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان هەن کە دیارترینیان کەمپی رۆژ و هۆلن. بە گوێرەی بەرپرسانی هەسەدە، نزیکەی 60 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ-دان.
"دۆخی مرۆیی سووریا خراپتر بووە"
پشکنەری گشتیی ئەمریکا لە راپۆرتەکەیدا لەبارەی دۆخی مرۆیی سووریاوە دەڵێت، "بەهۆی گرژییەکان، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و وشکەساڵییەوە دۆخی مرۆیی لە سووریا خراپتر بووە".
دەشڵێت، لە 27ی تشرینی دووەم تاوەکو کۆتایی 2024، نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەهۆی شەڕ و گرژییەکانەوە ئاوارە بوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، رێکخراوە مرۆییەکان ئاماژەیان بە گوشارەکان بۆ سەر کۆگەکانی خۆراک کردووە. دیارترین هۆکاری زیادبوونی ئەو گوشارانەش زیادبوونی دزی و داخستنی سنوورەکان بووە.
لەو راپۆرتەدا بە پشتبەستن بە ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ئەوە هاتووە، لە 23.5 ملیۆن سووری 16.7 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە. منبجیشی بە یەکێک لە ناوچە پڕ ئاڵنگارییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی داناوە.
دۆخی ئابووریی عێراق و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت
پشکنەری گشتیی ئەمریکا لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، لە 10ـی کانوونی یەکەمی پارەوە رۆژانە عێراق 200 هەرزار بەرمیل نەوتی لە کۆی بەرهەمی رۆژانەی خۆی کەمکردەوە. ئەمەش لەسەر داخوازی ئۆپێک پڵەس بووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕە بەرهەمە زیادەیەی پێشتر بۆی دانرابوو.
ئەو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپێک پڵەس جگە لە عێراق؛ هەمان داوای لە چەند ئەندامێکی دیکەشی کردووە و دەبێت تاوەکو کۆتایی مانگی ئادار پێیەوە پابەندبن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نەوت 85٪ـی سەرچاوەی بودجەی عێراقە و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیش گوشاری لەسەر بودجەی وڵاتەکە دروستکردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، یەکێک لە کێشەکانی عێراق پشتبەستنیێتی بە وڵاتانی دراوسێی بۆ کارەبا. بەگوێرەی پشکنەرەکە کە پشتی بە ئاماری فەرمی حکومەتی عێراق بەستووە، عێراق 25 گێگاوات کورتهێنانی لە کارەبادا هەیە. بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانیش، حکومەتی عێراق پشت بە هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی دراوسێ، لەوانە ئوردن و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی دەبەستێت.
8ـی ئادارى 2025، ئەو مۆڵەتە 120 رۆژییە کۆتاییهات کە ئیدارەى پێشووى ئەمریکا بۆ عێراقى دانابوو بۆ هاوردەکردنى گاز لە ئێرانەوە بۆ خستەکارى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.
پێشتر عێراق 1.2 گێگاوات کارەبای لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد. ئەو بڕە گازە سرووشتییەی لەو وڵاتەشەوە هاوردەی دەکرد بەس بوو بۆ بەرهەمهێنانی 8.8 گێگاوات کارەبا. ئەم 10 گێگاواتەش نزیکەی 40٪ـی کۆی کارەبای عێراقی پێکدەهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ