قایمقامی ئاکرێ: زیاتر لە دوو هەزار مەشخەڵ بۆ نەورۆز ئامادەکراون

دوێنێ کاژێر 10:21
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، ئەمساڵ بەرنامەی جیاوازیان بۆ جەژنی نەورۆز هەیە؛ زیاتر لە دوو هەزار مەشخەڵ ئامادەکراون بۆ رازاندنەوەی چیای کەلا ئاکرێ.
 
رۆژی شەممە، 15ـی ئاداری 2025، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە مانگێکە ئامادەکارییەکانی نەورۆز لە ئاکرێ دەستیانپێکردووە، ئێستا بەشێکی زۆری ئامادەکارییەکان کراون و دوو رۆژ پێش جەژنی نەورۆز هەموو ئامادەکارییەکان تەواو دەبن."
 
ئاکرێ بە "پایتەختی نەورۆز" ناسراوە و ساڵانە بە ئاهەنگەکانی سەرنجی خەڵک رادەکێشێت. 
 
قایمقامی ئاکرێ گوتی، "ئەمساڵ جەژنی نەورۆز کەوتووەتە نێو مانگی رەمەزانەوە، بەو بۆنەیەوە ئێمە چالاکیی جیاوازمان دەبێت، هونەرماندان و سروودخوێنی ئایینی لە ئاهەنگەکەدا بەشدار دەبن."
 
لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە دلاوەر بۆزۆ دەڵێت، "کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بەشدار دەبێت، خێوەتێکی گەورە و خواردنی بەربانگ بۆ میوانەکان ئامادەکراوە، وەک ساڵانی رابردوو کۆنسووڵی وڵاتان ئامادە دەبن."
 
بە گوتەی قایمقامی ئاکرێ، دوای بەربانگ، کاژێر 06:45 ئاهەنگ دەستپێدەکات و لەلایەن 8 گرووپی خۆبەش، ئاگر دەکرێتەوە و مەشخەڵەکان دەبردرێن بۆ کەلا ئاکرێ."
 
قایمقامی ئاکرێ گوتی، ئەمساڵ رێگەیێکی دیکەمان بۆ چیاکە دروستکردووە، یەکیان بەرەو چیاکە دەڕوات یەکیان بۆ دابەزینە، بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاواز."
 
قایمقامی ئاکرێ پێشبینی دەکات، زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار بۆ ئاهەنگی نەورۆز سەردانی ئاکرێ بکەن.
 
پار، رێوڕەسمەکە دوای بەربانگ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی، حکومی و کۆنسووڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و کاژێر 08:30 کۆتاییهات.
 
سەرەتا لەلایەن 8 گرووپی جیاواز کە پێکهاتبوون لە گەنجانی نیشتمان بە 2724 مەشخەڵ، چیای کەلا ئاکرێ رازێندرایەوە و دواتر بە یاریی ئاگرین دیمەنەکە سەرنجڕاکێشتر کرا.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە