مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە سبەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە. 
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، حکومەت دەڵیت، "بۆ تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانە و هەروەها باس لە خۆ ئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا".
 
هاوکات، نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، باسی "دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە و لێکەوتە سیاسییەکان، خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتەکان، پێگەی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان". دەکرێت.
 
کۆبوونەوەکە لە هەولێر دەکرێت.

 

دوای ئامادەکردنی رەشنووسێک لەنێوان شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی، 22ـی شوبات شاندی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی یەکەمین کۆبوونەوەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت کرد. 
 
18ـی تشرینى یەکەمی 2024 دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
 
لەدوای هەڵبژاردن، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و هەموو جارێکیش دەڵێن، کۆبوونەوەکانیان "ئەرێنی" بوون و لە زۆر بابەت گەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
چاوەڕوان دەکرێت بە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ خێراتر بن.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پارتی زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو؛ دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی.