بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق تەنیا دەنگدانی ماوە؛ 'بە ئەنقەست دوای دەخەن'

دوێنێ کاژێر 10:59
زیاد ئیسماعیل
بەغدا دەڵێت، رێگری چەند لایەنێک بووەتە هۆی دواکەوتنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
بەغدا دەڵێت، رێگری چەند لایەنێک بووەتە هۆی دواکەوتنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوشار و مەرجەکانی 12 ساڵەی کورد لەسەر حکومەت و پەرلەمانە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی پرۆژەیاساکەی لێکەوتووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش لایەنە عێراقییەکان رێگرن ببێتە یاسا.
 
 موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەپارێزگابوونی شارەکەوە دەڵێت، "تەنیا دەنگدانی ماوە، کەدەنگدانی لەسەر بکرێت پێنج خولەک لە تەمەنی پەرلەمانی ئێستا ناگرێت."
 
موسەننا ئەمین دەشڵێت، "بەدەستی ئەنقەست دوای دەخەن، تەمبەڵییە، زۆری یاساکانە، ناکۆکییە، دەیانەوێت جۆرێک لە لۆبی هەبێت، بەڵام من پێموایە زیاد لە پێویست ئەم بابەتە دواخراوە، جەنابیشت دەزانیت کۆمەڵێک قەیرانی زۆر روویدا لەناو پەرلەمان لەماوەیەی رابردوو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەم بابەتە." 
 
ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پێشکێشی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکرا. 10 ساڵ دواتر و لەکابینەی سوودانی پرۆژەیاسایەکی چوار مادەیی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا و لە دانیشتنێکدا بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵام خوێندنەوەی یەکەمی بۆ  کرا، بەڵام بەهۆی دژایەتیی لایەنە عێراقییەکان، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە چەندینجار دواخراوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێڕاق لەبارەی پرسەکە دەڵێت، "خوێندنەوەی قووڵ بۆ پرسەکە کراوە، تیمێکی هونەری پسپۆڕ سەردانی شارەکەی کرد. چەند رۆژێکیش لەوێ مانەوە، ئەوەی پەیوەندی بە سنوور و ناوچەکانی دەوروبەر و چالاکی بازرگانی و کشتوکاڵییەوە هەبوو کە ببێتە پارێزگا، راپۆرتی تایبەتی لەبارەەوە نووسرا. رەزامەندییەکە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە تەواو بووە." 
 
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13-03-2014ـەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکردووە، بەڵام رێگرییەکانی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان بێ دانپێنانی بەغدا و بودجەی تایبەت بمێنێتەوە.
 
لە  یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، حکومەتی عێراق بۆ یەکەمجار 16ـی 3ـی کردە پشووی فەرمی، بەڵام ئەویش لەژێر ناوی یادی تاوانەکانی بەعس دژی گەلی عێراق. کە جگە لە کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال، راپەڕینی شیعەکان، بەئامانجگرتنی حیزبەکانیان و تیرۆری زانایانی ئایینیی شیعەی تێدا گونجێندراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە