ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران: بۆ خوێندنی زمانەکانی دیکە چاوەڕێی پرۆژەیاسای حکومەتین

دوێنێ کاژێر 11:34
سینا سۆما
پرسی خوێندنی وانەی زمان و ئەدەبی نەتەوەکانی نێو ئێران بووەتە رۆژەڤی ئەو وڵاتە.
پرسی خوێندنی وانەی زمان و ئەدەبی نەتەوەکانی نێو ئێران بووەتە رۆژەڤی ئەو وڵاتە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پرسی خوێندنی زمان و ئەدەبی نەتەوەکانی نێو ئێران گەیشتە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئەو وڵاتە. گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، چاوەڕێی پرۆژەیاسای حکومەتن. 
 
تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەڵێت، "لەم بوارەدا مادەی 15ـی دەستوورمان هەیە کە لە مادەکەدا هاتووە، لە پاڵ زمانی فارسی کە زمانی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێرانە، گرنگی بە زمانە خۆجێییەکانیش بدرێت. سەبارەت بەوەی کە پرۆژەیاسای حکومەت لەم بوارەدا چییە و پێدەچێت کە پرۆژەیاسایەکی فراوان و گشتگیر بێت، من خۆم لە وردەکارییەکانی ئاگادار نیم. رێگە بدەن هەر کاتێک پرۆژەیاساکە ئامادە کرا و نێردرایە پەرلەمان و لە پەرلەمان پەسند کرا، ئێمەش ئەو کاتە هەڵوێستمان دەربرین".
 
رۆژی 26ـی شوباتی ئەم ساڵ، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای خوێندنی زمانی نەتەوەکانی نێو ئەو وڵاتەی رەتکردەوە، بە پاساوی ئەوەی زمانی فارسی لاوازدەکات و مەترسی دەکەوێتە سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران. ئەوەش ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.
 
142 کەس لە ئەندامانی لیژنەی زانستیی زانکۆکانی تەورێز و 167 کەس لە ئەندامانی لیژنەی زانستیی زانکۆی کوردستان لە سنە لە دوو نامەی جیاوازدا بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختیان لە گرنگی مافی پەروەردە بە زمانی دایک بۆ نەتەوەکانی نێو ئێران بە پێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
 
ئەوان داوایان لە پزیشکیان کرد، مادەکانی 15 و 19ـی دەستووری ئێران جێبەجێ بکات، کە مافی خوێندنی زمانی دایک لە پاڵ زمانی فارسی دەداتە نەتەوەکانی نێو ئێران.
 
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە لە چەندین لایەنی کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران پێکدێت، لە راگەیێندراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵوێستی لیژنەی زانستیی زانکۆکانی سنە و تەورێز راگەیاند و دەڵیت: "داوا لە هەموو رێکخراوە سیاسی، مەدەنی و کولتوورییەکان لە ئێران دەکەین، پشتیوانی لە مافی خوێندن بە زمانی دایک بکەن. ئەم نادادپەروەرییە ئاشکرایە بۆ قەدەخەکردنی خوێندن بە زمانی نەتەوەکان لە ئێران، دەگەیێنینە رێکخراوە پەروەردەیی، کولتووری و زانستیە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی یۆنسکۆ."
 
ماوەیەکە پرسی خوێندنی وانەی زمان و ئەدەبی نەتەوەکانی نێو ئێران بووەتە رۆژەڤی ئەو وڵاتە.
 
بە پێی مادەی 15 لە دەستووری ئێران، خوێندنی زمانی نەتەوەکان لەپاڵ زمانی فارسی رێگە پێدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە پاساوی جیاواز کاری پێ نەکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە