لە لوڕستان کچێکی تەمەن 21 ساڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا

15-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری ئەلیگودەرزی پارێزگای لوڕستان، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد و بەهۆیەوە کچێک گیانی لەدەستدا و باوکیشی بریندار بوو.
 
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە دووڕییانی شارۆچکەی چەمەنسوڵتانی سەر بە شاری ئەلیگودەرزی پارێزگای لوڕستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی جۆری پژۆ-405 کردووە، بەهۆیەوە کچێکی تەمەن 21 ساڵ بە ناوی "نیگار کەریمیان" گیانی لەدەستداوە و باوکیشی بریندار بووە.
 
نیگار کەریمیان خەڵکی شاری بروجنی سەر بە پارێزگای چوارمحال و بەختیاری و دانیشتووی شاری ئیسفەهان بووە، بەڵام دایکی خەڵکی شاری ئەلیگودەرزی لوڕستانە.
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، رووداوەکە لە کاتی گەڕانەوەی بنەماڵەی کەریمیان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خاڵۆیان لە گوندی فەرسەشی ئەلیگودەرز بۆ ئیسفەهان، لە دووڕیانی شارۆچکەی چەمەنسوڵتانی سەربە ئەلیگودەرز روویداوە و هێزە ئەمنییەکان بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک یان تەقەیەکی ئاسمانی، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە.
 
دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی نیگار کەریمیانیان راگەیاندووە، بە هەڵە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی ئەوان کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان لە کاتی رووداوەکەدا، بێجگە لە نیگار و باوکی، دوو خوشکی نیگار و زاوایەکیان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوونە.
 
رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 9ی ئاداری 2024، لە شاری ئەلیگودەرز روویداوە، بەڵام دوای ئەوەی هەواڵی رووداوەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەوە، پۆلیسی ئەلیگودەرز روونکردنەوەی لەسەر بڵاوکردەوە.
 
عەلی ئەسەدوڵڵاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەلیگودەرز لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند: "هێزەکانی پۆلیس لە بازگەیەک گومان لە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت دەکەن کە مادەی هۆشبەری هەڵگرتبێت، دوای ئەوەی فەرمانی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکەیان داوە، ئەوان گرنگییان بە هۆشدارییەکە نەداوە، بۆیە تەقەی لێکراوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەلیگودەرز، یەکەمجار تەقەی ئاسمانی کراوە، بەڵام دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە نەوەستاوە، تەقە لە تایەی ئۆتۆمبێلەکە کراوە، بەڵام بە هەڵە گوللەیەک بەر یەکێک لە سەرنشینەکان کەوتووە، کە بەهۆیەوە بریندار بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لەبەر سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
 
عەلی ئەسەدوڵڵاهی دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکردووە، ئەو پۆلیسەی تەقە کردووە دەستگیرکراوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی داد کراوە.
 
رۆژی 19-01-2024یش، هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران لە گەڕەکی نیزامئاوای شاری بروجێردی سەر بە پارێزگای لوڕستان، تەقەیان لە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کردبوو و بەهۆیەوە کچێکی تەمەن 20 ساڵ بەناوی ئاناهیتا ئەمیرپوور، خوێندکاری قۆناخی یەکەمی بەشی وەرزشی زانکۆی ئازادیی [ناحکومیی] شارەکە گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکە بە ناوی (م. جەلاییفەر)، خەڵکی شاری بروجێرد بە سەختی بریندار ببوو.
 
ئەو کات، موسلیم مورادی، قایمقامی شاری بروجێرد رووداوەکەی بەستبووەوە بە تەقینەوەکانی کرمان و هێرشە چەکدارییەکان لە سیستان و بەلووچستان.
 
مورادی گوتی: "دوای کردەوە تیرۆریستییەکانی کرمان و سیستان و بەلووچستان، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی دزیکردن، هێزەکانی پۆلیس بۆ پشکنین، چاودێری و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هەر جووڵەیەکی نایاسایی، کە ئاسایشی کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، لە ئامادەباشیدان. لەم بارەوە هێزەکانی پۆلیسی شاری بروجێرد گومانیان لە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت هەبووە و دوای ئەوەی فەرمانی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکەیان داوە، ئەوان گرنگییان بە هۆشدارییەکە نەداوە و هەڵاتوون."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە