هێزێکی دیکەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا

15-03-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هێزێکی سیاسیی نوێ لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا و بەشداریی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. ئەمەش دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، قەوارەیەکی نوێی بەناوی (بەرەی گەل) دروستکرد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێزە سیاسییە نوێیەکە ناوی (هەڵوێستی نیشتمانییە) و، لە دوو رۆژی رابردوودا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە شاری بەغدا مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە. 
 
یەکێک لە دامەزرێنەکانی هێزەکە بە رووداوی راگەیاند: "نزیکەی مانگێکە لە بەغدا خەریکی وەرگرتنی مۆڵەتی هێزەکەین، 2800 ناومان بە پێداویستییەوە وەکو کارتی دەنگدان، کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاریی پێشکەشی کۆمیسیۆن کرد، تاوەکو مۆڵەتیان پێداین، لە رۆژانی داهاتووشدا رێکار و مەرجەکانی دیکەی کۆمیسیۆن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن جێبەجێ دەکەین، لەوانە بەستنی کۆنگرە."
 
بەگوێرەی زانیاریی رووداو، ژمارەیەک کەسایەتی، سیاسەتڤان و پەرلەمانتارانی خولەکانی رابردوو لەنێو هێزە سیاسییەکەدان، لەوانە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
 
عەلی حەمە ساڵح لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "وا بڵاودەکرێتەوە لیستی (عەلی حەمە ساڵح) لیست نییە و پڕۆژەیەکی گشتگیری جدیە، ئەم پڕۆژە هی من نییە، هی سەدان کەسی دڵسۆزە و من یەکێکم لەوان. دەیان کەسی شارەزا و بە هەڵوێست و بە توانا پێوەی ماندوون." 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "خودا هاوکارمان بێت، بڕیاری کۆتاییماندا، هەموو شتێک بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین."
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی ژمارەیەک کەس بڵاوکراونەتەوە، کە دەگوترێت بەربژێری لیستی (هەڵوێستی نیشتمانی)ین، بەڵام ئەو سەرچاوەیە گوتی: "تاوەکو ئێستا یەک بەربژێر یەکلایی نەبووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر سیڤیمان بۆ هاتوون، لە سەرجەم پارێزگاکان لێژنەمان پێکهێناوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکان."
 
هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان جیاوازە لە خولەکانی رابردوو، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە، جگە لەوەش بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە دەبێت لە رێگەی هاوپەیمانی، یان قەوارەی سیاسی و بەربژێری سەربەخۆ بێت. 
 
جگە لەو هێزە نوێیە، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، قەوارەیەکی نوێی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەناوی (بەرەی گەل) دامەزراندووە و بەشداری لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
 
سەرتیپ جەوهەر، کەسایەتیی نزیک لە لاهوور جەنگی رۆژی پێنجشەممە، 14-3-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لیستێکمان بەناوی بەرەی گەل دەبێت و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین." 
 
کەسێکی دیکەی نزیکی لاهوور شێخ جەنگی بە رووداوی گوت "حیزب تەنیا بۆ رێکارەکانی کۆمیسیۆن دروستکراوە، ئێمە تەنیا لیستمان دەبێت و کار بە ناوی حیزبەوە ناکەین."
 
رۆژی پێنجشەممە 14-03-2024 دوایین رۆژی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و قەوارە و بەربژێری تاک بوو، تەنیا دوو هاوپەیمانی تۆمار کران، ئەوانیش: (هاوپەیمانیی سەردەم) بوو لەنێوان پارتی رەنجدەرانی کوردستان، پارتی پارێزگارانی کوردستان و یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان. هەروەها (هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان) لەنێوان پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی شیوعیی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.