رووداو - سلێمانی
وەرگێڕێکی زمانی ئاماژە لەنێو مزگەوتی حاجی رەزای چەرمەگا لە سلێمانی، گوتاری هەینی بۆ زمانی ئاماژە بۆ نابیستان وەردەگێڕێت. ئەو وەرگێڕە، تەواوی خێزانەکەی نابیستن، بۆیە هەر لە منداڵییەوە فێری زمانی ئاماژە بووە و بە باشی وەرگێڕان دەکات.
مستەفا خەتاب، وەرگێڕی زمانی ئاماژە دەڵێت، "لە بنەماڵەکەمدا نزیکەی 15 کەس نابیستن، بۆیە هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە فێری زمانی ئاماژە بووم، وەرگێڕانم بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانم دەکرد، ئێستاش لەسەر داوای کۆمەڵەی نابیستانی کورستان و بە پاڵپشتیی خێرخوازێک هاتوومەتە سلێمانی و رۆژانی هەینی وەرگێڕان بۆ گوتار دەکەم."
نابیستەکان بەو هەنگاوە دڵخۆشن کە دەتوانن بەشداریی نوێژی هەینی بکەن و لە گوتاری مامۆستای ئایینی تێبگەن.
ئەیاد خەتاب، نابیست دەڵێت، "لە کەرکووکەوە بۆ سلێمانی هاتووم بۆئەوەی بەشداریی نوێژی هەینی بکەم، پێشتر ئەمە نەبوو، ئێستا سوپاس بۆ خودا و کاک مستەفا کە ئەم گوتارەمان بۆ وەردەگێڕنە سەر زمانی ئاماژە."
محەممەد مەلا موسا: کەمبیست ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە کە گوێ لە مامۆستای ئایینیی مزگەوتەکان دەگرین، تێناگەین؛ چونکە گوێمان لێیان نییە و نابیستین، بۆیە ئێستا بەم پڕۆژەیە و هاتنی کاک مستەفا بۆ سلێمانی دڵخۆشین، ئەم مزگەوتەش بۆ هەموو نابیستەکان دوورە، بۆیە داواکارین وەرگێڕی دیکە زیادبکەن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوکاریمان بکات لەم پڕۆژەیەدا."
بڕیارە تەواوی مانگی رەمەزان لە مزگەوتی حاجی رەزای چەرمەگا گوتارەکانی رۆژی هەینی بۆ زمانی ئاماژە وەربگێڕدرێت.
فەرەیدوون شێرزاد، سەرۆکی کۆمەڵەی نابیستانی کوردستان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات وەرگێڕیان بۆ دابین بکات، "نەک بۆ گوتاری رۆژی هەینی، بەڵکو بۆ هەموو بوارەکانی دیکەش پێویستمان بە وەرگێڕە."
مامۆستای ئایینیی مزگەوتەکە دەڵێت، شوێنیان بۆ دابین کردوون کە جێگەی نزیکەی 100 کەس دەبێتەوە و ئەگەر زیاتریش بن جێگەکەیان بۆ فراوانتر دەکەن.
مامۆستا فەرەیدوون رەحمان، پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی حاجی رەزای چەرمەگا گوتی، "شوێنمان بۆ دیاریکردوون و خەڵکی مزگەوتەکەش دەزانن کە ئەوە شوێنی ئەوانە، بۆیە کەس ناچێتە شوێنی ئەوان، بۆئەوەی بە ئاسانی چاویان لە وەرگێڕەکە بێت کە گوتارەکەیان بۆ وەردەگێڕێت."
وەرگێڕانی گوتاری هەینی بۆ زمانی ئاماژە هەنگاوێکی نوێیە لە هەرێمی کوردستان، لەدوای ئەم هەنگاوەوە بەشێک لە نابیستان داواکارن وەرگێڕ بۆ گوتاری هەینی بە هەمیشەیی دابنرێت، بۆئەوەی لەم ئەرکە ئایینییە بێبەش نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ