رووداو دیجیتاڵ
مێرمنداڵێکی شاری دهۆک لە ئەڵمانیا لەلایەن "باندێک"ی نۆ کەسییەوە درایە بەر چەقۆ و کوژرا. تەرمەکەی هێنرایەوە و لە زێدی خۆی بەخاکسپێردرا.
ئەو مێردمنداڵە کە ناوی دارا دڵدارە، تەمەنی 15 ساڵ بوو، رۆژی 10-03-2024 لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لەلایەن باندێکەوە بە چەقۆ کوژرا، دوای چوار رۆژ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و لە گۆڕستانی شاخکێ لە دهۆک بەخاکسپێردرا.
دڵدار محەممەد، باوکی دارا کە لەسەر گۆڕستان لە کاتی بەخاکسپاردنی کوڕەکەی قسەی بۆ (رووداو) کرد و گوتی، کوڕەکەی لەلایەن هاوڕێکانییەوە "هەڵخەڵەتێندراوە."
دڵدار گوتی: "یەکێک لە هاوڕێکانی (بەبێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکات) لەگەڵ کوڕەکەم دەگەڕا، کیسەیەکی داوەتە کوڕەکەم بۆ ئەوەی بیگەیێنێتە شوێنێکی دیاریکراو، لە رێگەدا پۆلیس دەستبەسەریان کردبوو، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردبوو، دەرکەوتووە کیسەکە شتێکی تێدابووە و بەپێی یاسای ئەڵمانیا قەدەخە بووە، بەڵام کوڕەکەم هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو شتەی نێو کیسەکە نەبووە، بۆیە پۆلیس ئازادیان کردووە."
باوکی دارا پێیوایە پۆلیس هۆکاری کوشتنی کوڕەکەی بووە، بۆیە سکاڵای لە دژی پۆلیسی کۆڵن تۆمار کردووە.
باوکی دارا گوتی: "پۆلیس بۆیە دارای ئازادکردووە، بۆ ئەوەی سەرەداوی لەبارەی ئەو کەسانە دەستبکەوێت کە کیسەیان داوەتێ و شوێن و ناسنامەیان ئاشکرا بکات."
وەک باوکی دارا باسی دەکات، دوای ئاشکرابوونی ناسنامەیان، باندەکە زانیویانە دارا هاوکاریی پۆلیسی کردووە، بە مەترسیی بۆ سەر خۆیانیان زانیوە، بۆیە بڕیاریانداوە تۆڵەی لێ بکەنەوە.
دڵدار دەڵێت، دەبووایە پۆلیس و دادگە کوڕەکەی بپارێزن، بەڵام ئەوان ئەو کارەیان نەکرد، بۆیە کوڕەکەی لەلایەن باندێکی نۆ کەسی لە دەرەوەی شار بە نۆ چەقۆ کوژرا.
باوکی دارا بڕیاری داوە سکاڵا لەسەر پۆلیس و دواتریش دادگە تۆمار بکات.
لەبارەی دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارەکان، دڵدار محەممەد گوتی: "سێ لە تاوانبارەکان کە پلانداڕێژەری کوشتنی کوڕەکەم بوون، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ شەش کەسەکەی دیکە لەلایەن پۆلیسەوە دەرکراوە."
دوای تەواوبوونی پرسەی دارا، باوکی بە نیازە بگەڕێتەوە ئەڵمانیا و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانی بکات.
باوکی دارا دەڵێت: "بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، شایەتحاك دەبێت بپارێزرێت، بەڵام ئەوە بۆ کوڕەکەم نەکرا و رێگە بە باندەکە درا، پلانی خۆیان جێبەجێ بکەن و کۆتایی بە ژیانی دارا بهێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ