رووداو دیجیتاڵ
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەرجارە و بە هۆکارێک هەڵدەپەسێردرێت، ئێستا خەریکە خەونی هەڵەبجەییەکان دێتەدی و دەبێتە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
هەوڵەکان لە سەرەتای ساڵی 2013ـەوە و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد و رەشنووسی یاساکەشی بۆ بەغدا ناردبوو، بەڵام ناکۆکییەکانی سوننە و شیعە و هۆکاری دیکە رێگر بوون لە پەسندکردنی یاساکە لە پەرلەمان. ئێستا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمان کردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کورد و هاوپەیمانەکانی، هەڵەبجە بکەنە پارێزگای ژمارە 4ـی هەرێمی کوردستان و 19ـی عێراق. رووداو مێژووی هەوڵە نوێیەکانی دوای ساڵی 2003 بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخاتەڕوو.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکەی بەنووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی عێراق کرد.
لە نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتبوو: "هاوپێچ لەگەڵ نووسراوتان ژمارە 7692 لە رۆژی 7ـی ئابی 2013، تایبەت بە هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە وەکو پارێزگای ژمارە 19 لەچوارچێوەی سنووری کارگێڕیی کۆماری عێراق بەپێی پشتبەستە یاساییەکانی هاتوو لە نووسراوی ئاماژەبۆکراو، بە ئاماژە بۆ نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵی ژمارە 10211 لە 2ـی ئەیلوولی 2013، سەبارەت بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە هێنانەکایەی ئەو پارێزگایە، هاوپێچ لەگەڵ ئەم نووسراوە کۆپیی رەشنووسی یاساکەتان بۆ دەنێرین کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراوە، بفەرموون بەجێبەجێکردنی ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ پەسندکردنی ئەو رەشنووسە و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم خولەی ئێستا پەرلەمان، یاساکە پەسند بکرێت".
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
دەقی رەشنووسی یاساکە
رەشنووسی یاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق لە چوار مادە پێکهاتووە:
ماددەی یەکەم: پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان-عێراق، دەهێنرێتە کایەوە، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە نۆزدە لە کۆماری عێراق، سەنتەرەکەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
ماددەی دووەم: دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات.
ماددەی سێیەم: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو یاسایە جێبەجی بکەن.
ماددەی چوارەم: ئەو یاسایە لە رێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" جێبەجێ دەکرێت.
هۆکارەکانی دەرچوواندن
بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهۆی فراوانبوونی گەورەی ئاوەدانی و دانیشتووانی، کە شاری هەڵەبجە بەخۆیەوە دەیبینێت و بەهۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانکردنی لەلایەن رژێمی گۆڕبەگۆڕەوە لە ئاداری ساڵی 1998ـدا بەچەکی کیمیایی قەدەخەکراو، هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پێگە جیهانییەی هەیەتی، بەهۆی ئەو قوربانییانەوە، ئەم یاسایە پەسندکرا.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیاری 568
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 54ـیدا لە رۆژی 31ـی کانوونی یەکەمی 2013، بڕیاری ژمارە 568ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ ئەو ساڵە پەسندکرد، کە تێیدا هاتووە:
- پەسندکردنی رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە کۆماری عێراق و رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەپشتبەستن بە حوکمی ماددەکانی 61/بڕگەی یەکەم و 80/بڕگەی دووەم لە دەستوور، دوای وەرگرتنی سنووری کارگێڕیی پارێزگای ئاماژەبۆکراو.
- نووسینگەی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکان رادەسپێردرێت بە لێکۆڵینەوە لە واقیعی ئەو قەزایانەی، کە داواکاری بە پارێزگاکردنیان پێشکێشکراوە و ئەوانەی، کە دۆخی دانیشتووان و جوگرافی شیاویان دەکات بۆ ئەوەی ببنە پارێزگای نوێ و پێشکێشکردنی لێکۆڵینەوەکە بە ئەمینداریێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی پێشکێشکردنی بە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی لە یەکێک لەدانیشتنەکانی داهاتوویدا بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.
هەمان رۆژ و لە 31ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2013، ئەمینداریێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی نووسینگەی سەفائەدین محەممەد سافی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران و نووسینگەی تۆرهان موفتی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکان بەناونیشانی "رەشنووسی هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق" کرد.
لەو نووسراوەدا بڕیاری ئەو رۆژەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 568ـی هاوپێچکردووە و داوایان لێدەکات هەریەک بەپێی تایبەتمەندیی خۆی کاری پێویستی بۆ بکات و لە زانیارییەکان ئاگاداریان بکەنەوە.
ماوەی 20 ساڵ دەبێت هیچ پارێزگایەکی نوێ لە عێراق دروستنەکراوە، لەکاتێکدا بەراورد بە ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە و لە 25 ملیۆنەوە بووەتە 42 ملیۆن کەس. دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 27٪ زیادیکردووە و لە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەسەوە بووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن و 400 هەزار کەس.
هەرێمی کوردستان داتاکانی هەڵەبجە دەداتە بەغدا
رۆژی 8ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2014، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، نووسراوێکی بەناونیشانی "هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە" ئاڕاستەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد و تێیدا ئاماژە بە نووسراوی ژمارە (ش.ز/10/1/31/39507) دەکات کە لە رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2013 دەرچووە و تێیدا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەی لە کۆماری عێراقی تێدایە.
لە نووسراوەکەدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کە لەلایەن د.فەرهاد نیعمەتوڵڵا حوسێن، سەرپەرشتیاری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانەوە واژۆکراوە، ئەوەشی تێدا روونکراوەتەوە: "هاوپێچ زانیاری و نەخشەکانی تایبەت بە سنووری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجەتان بۆ دەنێرین و داوادەکەین سەیریان بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت".
لە هاوپێچەکاندا زانیاریی ورد لەبارەی قەزا و ناحیە و گوندەکان و ژمارەی باڵەخانەکان و ئاماری دانیشتووان و رووبەری هەر ناوچەیەکی لە هەڵەبجە بە وردی تێدایە لەنێوان ساڵانی 2009 و 2013، هەروەها نەخشەی هەڵەبجەشی تێدا هاوپێچکراوە، لەگەڵ قەزاکانی شارەزوور و سەیدسادق و پێنجوێن، هەروەها هاوپێچی بڕیاری ژمارە 568ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و نووسراوی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران و نووسراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و ئەو رەشنووسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردبوو لەساڵی 2013 ـی تێدایە.
کشاندنەوەی رەشنووسی یاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران
رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2015، ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران لە نووسراوێکدا کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەناونیشانی: "کشاندنەوەی ئەو رەشنووسی یاسایانەی حکومەتی پێشوو پەسندیکردوون" ناردووە، داوای کردووە بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو پڕۆژانە بگەڕێننەوە بۆ حکومەت.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 36ـی 15ـی ئەیلوولی 2015 بڕیاریدا بە "پەسندکردنی کشاندنەوەی سەرجەم ئەو رەشنووسی یاسایانەی حکومەتی پێشوو پەسندیکردوون و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراون، ئەوەش لەپێناو پێداچوونەوە و دڵنیابوونەوە لە رادەی گونجانی لەگەڵ کارنامەی چاکسازیی حکومەت."
رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانە
رۆژی 14ـی ئاداری 2023، ئەمینداریێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێکی بەناوی" پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق"، ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و داوا دەکات رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر و لە ئەنجام ئاگاداریان بکەنەوە.
لەو نووسراوەدا ئاماژە بە بڕیاری 23131ـی ساڵی 2023ـی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە کە لە رۆژی 13ـی ئادار لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە و تایبەت بوو بە بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە رۆژی 13ـی ئاداری 2023 بڕیاری دا بە "پەسەندکردنی رەشنووسی یاسای هێنانەکایەی پاریزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق و رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بە پشتبەستن بە حوکمی هەردوو ماددەی 61/بڕگەی یەکەم و 80/بڕگەی دووەم لە دەستوور".
رۆژی چوارشەممە 15ـی ئاداری 2023، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق، كە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، ژمارە 23131 لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 11 لە رۆژی 13-3-2023 پەسندکرا، بە نووسراوی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 12497 لە 14-3-2023 رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا."
ئامانج رەحیم گوتیشی، لەمەودوا هەوڵی دڵسۆزانی هەڵەبجەی دەوێت لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی زوو بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووەوە.
سەبارەت بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە لە پەرلەمان، شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە کۆدەنگی لەسەر دەبێت و تێدەپەڕێندرێت.
هەروەها کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بابەتەکە هێزی یاسایی هەیە و بەهۆی کیمیابارانەوە تایبەتمەندیی لای هەموو لایەنەکان هەیە، بۆیە پێموایە جگە لە هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان، شیعەکانیش دەنگ بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ