وردەکاریی شەڕەتەقەکەی خەبات؛ 'ئاڕ بی جی تەقێندراوە'


رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە سنووری قەزای خەبات شەڕەتەقە روویدا و هەر زوو وێنەی شەڕەتەقەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری دەڵێت: دوو کەس دەستگیرکراون. هەردوو لایەنی شەڕکەرەکەش لە بەرنامەی بەرپرسیار هۆکاری شەڕەکە بۆ بوونی کێشەیەکی کۆنی نێوانیان دەگەڕێننەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 15-03-2023، مەحموود هەرکی، دانیشتووی قەزای خەبات و یەکێک لەلایەنەکانی شەڕەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئەمە جاری دووەمە هێرش دەکرێتە سەر ماڵمان. پێش سێ ساڵیش بە ئاڕ پی جی هێرشیانکردە سەر ماڵمان. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاگاداری ئەو هێرشەن."
 
وەک مەحموود هەرکی باسی دەکات، کاتی هێرشەکە لە ماڵ نەبوون و لە هەولێر بوون، "بە ئاڕ پی جی هێرش کراوە و خەڵکی گوند ئاگاداریان کردین کە هێرشکراوەتە سەر ماڵمان. بەڵگە و ڤیدیۆمان هەیە و بە تەلەفۆن و لە تیکتۆک و فەیسبووک هەڕەشەمان لێدەکەن و دەڵێن: هێرش دەکەینە سەر ماڵتان. ئێمە هیچ هەڵوێستمان نەبووە و کەیسەکەمان داوەتە دەست یاسا."
 
 
"لە کێشەیەکی ساڵی 2013 دا کەسێک لە یەکێک لەو دوو بنەماڵەیە دەکوژرێت"
 
رابەر ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "ئەو دوو بنەماڵەیە کەسوکاری یەکدین. لە 2013 برایەکی مەحموود دەکوژرێت. لایەنی بەرامبەر داوای ئاشتیی کۆمەڵایەتیی دەکەن، بەڵام ئەوان کەیسەکە دەدەنە یاسا و 18 کەس بەپێی ماددەی  405 و 406  فەرمانی گرتنیان بۆ دەردەچێت و سێ کەس گیراون و حوکمی تاهەتایی و لەسێدارەدانیان هەیە. لایەنی بەرامبەر دەڵێن: یەک کەس کوژراوە ناکرێت 18 کەس دەستگیربکرێت و سێ کەس حوکمی تاهەتایی و لەسێدارەدانیان هەبێت، بۆیە داوای ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن و لایەنی کوژراوەکەش رەتیدەکەنەوە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لەبارەی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی سنوورەکەیان، باس لە تەقاندنی ئاڕ پی جی دەکات و دەڵێت: "لایەنی گردەڕەشە دەڵێن دوو ئاڕ پی جی بەڕووی ئێمەدا تەقێندراوە. لێکۆڵینەوەمان لە رووداوەکە کرد و ئاسەواری ئاڕ پی جی مان نەدۆزییەوە، بەڵام دەرکەوتووە کە ئەو چەکەیان بەکارهێناوە و تیمەکانمان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئاڕ بی جییەکە. لایەنەکەی دیکەش بە بیکەیسی وەڵامیان داوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوە بەردەوامە."
 
"دوو کەس دەستگیرکراون"
 
لە رووداوەکەی شەوی رابردووی سنووری قەزای خەبات دوو کەس دەستگیرکراون. رابەر ساڵح دەشڵێت: "وێنە و ڤیدیۆ هەیە لە بنەماڵەی مەحموود کە هاتوون و لەنێو گوند ڤیدیۆیان هەیە وەک 'تەحەدایەک'. لایەنی بنەماڵەی گردەسێن نایەنە پێش، چونکە بەشێکیان فەرمانی گرتنیان هەیە." 

 

 
کێشەی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە. مەحموود هەرکی دەڵێت: "براکەم لە 2013 کوژرا و کەیسەکەمان دایە دەست یاسا و یەکلایی کرایەوە، بەڵام ئەوان لەدەست یاسا هەڵهاتوون و هەندێک بەرپرس کە ناویان لای ئێمە هەیە داڵدەیان داون. ئەوان دەستیان لەپشتە و بە بەڵگە لامان هەیە. مەرکەز لە ناحیەی گردەسێن هەیە بۆ رۆژێک پۆلیسێک ناچێت دەستگیریان بکات، ئەگەر دەستییان نەبێت چۆن دەتوانن چوار بازگە ببڕن و بێنە نێو گوندی ئێمە و بە ئاڕ پی جی هێرش بکەن و وێنە بگرن و بڵاوبکەنەوە؟ ئەمە ئەگەر دەستێکی لەپشت نەبێت چۆن دەتوانن ئەو کارە بکەن. بۆ من ناتوانم بە دەمانچەیەکیش بچمە ئاکرێ." 
 
"بنەماڵەی گردەسێن بەرپرسی سەربازییان لە پشتە"
 
جیهاد نیعمەت، نیشتەجێی گردەسێن و یەکێک لەو بنەماڵەیەی کە ناکۆکییان لەگەڵ بنەماڵەی مەحموود هەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیار رەتیدەکاتەوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی مەحموود هەرکی کردبێت و دەڵێت: "بەڵگەمان هەیە کە ئەوان خۆیان تەقەیان کردووە بۆ ئەوەی ئێمە تۆمەتبار بکرێین، کاتی تەقەکە ئێمە لە ناحیەی گردەسێن بووین و ئاگاداری هیچ شتێک نەبووین، ئەگەر ئەوانیش بەڵگەیان هەیە با بیخەنەڕوو."
 
سەبارەت بە بوونی چەکی ئاڕ پی جی و چەکی قورس لەدەست لەو بنەماڵەیەی نیشتەجێی گردەسێن، مەحموود هەرکی دەڵێت: "بەرپرسی سەربازییان لە پشتە و دەیانپارێزن، ئەمڕۆ دادگە بڕیاری گرتنی بکوژانی داوە، بەڵام هەر لەنێو ناحیەی گردەسێن ژن و منداڵ هاندراوە جامی ئۆتۆمبێل بشکێنن و زیان بە ماڵی حکومەت دەگەیێنن. بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی لە بکوژان دەکرێت."
 
جیهاد نیعمەت دەڵێت: "کێشەکەمان لە 02-03-2013 دەستیپێکردووە. ئەو کەسەی کە لەوان کوژراوە بە دەستی کەسی خۆیان بووە نەوەک کەسوکاری ئێمە. لە کەشفی پۆلیسیش دەرکەوتووە. ئەو کەسەی کوژراوە بە یەک فیشەک بووە و 18 کەس لە ئێمە تۆمەتبار کراوە."

 

 
"لە دادگە بەڵگە وەرنەگیراوە و سێ کەس بە سزای تاهەتایی حوکم دراون"
 
جیهاد نیعمەت باس لە رووخاندنی خانووەکەیان لە قەزای خەبات دەکات و دەڵێت، "ستەمێکی زۆرمان لێکراوە. خانووەکەمان لە قەزای خەبات بە شۆفڵ رووخێندراوە. ناهێڵن زەوییمان بکەینە خانوو یان بیفرۆشین. موڵک و ماڵمان داگیرکراوە. کاری دادگە نییە و کاری دووژمنی ئێمەیە، هەر موشتەرییەک بۆ کڕینی خانووەکە بچێت ئەوان رێگریی دەکەن و دەڵێن قبوڵی ناکەین بیکڕی. زێڕ، ئۆتۆمبێل و 13 هەزار دۆلارمان لێ دزراوە."
 
بە گوتەی جیهاد نیعمەت، سێ کەسی ئەوان خۆیان رادەستی یاسا کردووە، بەڵگەیان پێشکێش کردووە، بەڵام بەڵگەیان لێوەرنەگرتووە و هەرسێ کەس بە 25 ساڵ سزادراون. دەشڵێت، "هەر کەسێک بچێتە پێش بەمشێوەیە حوکم دەدرێت. داوا لە برا گەورە دەکەین بێتە سەرهێل و دادگەیەکی راست پێکبهێنێت و ئێمە بهێنێتە پێش یەکدی و مافی ئێمە بگەڕێنێتەوە".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری ئاماژە بە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان دەکات و دەڵێت: "کەیسەکە دراوەتە دادگە. ئەو خانووەش کەس نایکڕێت، چونکە هەر کەسێک بزانێت موڵکی کەسێکە و دوژمندارە، نایکڕێت. لە دادگە هەموو رێکارێک کراوە. ئەو لایەنەی کە وادەزانێت ستەمی لێکراوە، دەتوانن بڕیاری دادگە تەمیز بکەنەوە."