وەزارەتی نەوت لە دروستکردنی پاڵاوگەی نەوتی کەرکووک پاشگەز دەبێتەوە

15-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق حەوت دەرفەتی وەبەرهێنانی بۆ دروستکردنی حەوت پاڵاوگەی نەوت راگەیاند، بەڵام دروستکردنی پاڵاوگەی نەوتی کەرکووکی تێدا نییە، کە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ رایگەیاندبوو پاڵاوگەیەک لەو شارە دروستدەکەن کە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 15-3-2023، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری نەوت دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کەرتی پاڵاوتنی نەوتی راگەیاند، کە دروستکردنی حەوت پاڵاوگە لەخۆدەگرێت. سێ لەو پاڵاوگەیانە لە ئەمڕۆوە کۆمپانیاکان دەتوانن داواکاریی بۆ دروستکردنیان پێشکێش بکەن، سێی دیکەشیان لە مانگی داهاتووەوە و ئەوی دیکەش لە کاتێکی دیکەدا، بەڵام دروستکردنی پاڵاوگەکەی کەرکووکی تێدا نییە کە پێشتر بڕیاری دروستکردنی درابوو.
 
پێشتر لە رۆژی 11-01-2023دا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق پلانی وەزارەتەکەی بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوتنی نەوت ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "نزیکین لەوەی ژمارەیەک دەرفەتی وەبەرهێنان لە پیشەسازیی پاڵاوتن بخەینەڕوو، لەدوای تەواوکردنی مامەڵە و زانیارییەکانی تایبەت بە پاڵاوگەکان کە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی باکوور و ناوەڕاست و باشوور دروستدەکرێن." دروستکردنی پاڵاوگەی کەرکووک لەنێو ئەو لیستەدابوو، کە ئەو رۆژە وەزیری نەوت ئاماژەی بۆ کردبوو.
 
لیستی ئەو پاڵاوگانەی پێشتر وەزارەتی نەوت بڕیاری دروستکردنیانی دابوو:
 
- پاڵاوگەی میسان بە توانای 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پاڵاوگەی موسەننا بە توانای 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پاڵاوگەی کەرکووک بە توانای 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پاڵاوگەی گەیارە لە نەینەوا 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پاڵاوگەیەک لە زیقار بە توانای 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
 
رۆژی چوارشەممە، 15-3-2023، دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش سەیرمان لێدێت کە ئەو پاڵاوگەیەی بڕیاربوو لە کەرکووک دروستبکرێت لەو لیستەدا نییە، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین، بزانین هۆکاری ئەوە چییە و پرسی دروستکردنی پاڵاوتگەی کەرکووک کە خزمەت بە خەڵکی شارەکە و پارێزگاکە دەکات، بەکوێ گەیشت."
 
کێڵگەی نەوتی کەرکووک کە لە 14ـی ئۆکتۆبەری 1927 دۆزراوەتەوە، کۆنترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراقە و دووەم گەورەترین کێڵگەیە لە توانای بەرهەمهێنان، پێنجەم گەورەترین کێڵگەشە لەسەر ئاستی جیهان لە رووی یەدەگەوە، کە یەدەگەکەی دەگاتە 10 ملیار بەرمیل نەوت.
 
ئەو پاڵاوگانەی کە لە رۆژی 15ـی ئاداری 2023ـەوە کۆمپانیاکان دەتوانن داواکاریی بۆ دروستکردنی پێشکێش بکەن بریتین لە:
 
- پاڵاوگەی میسان لە پارێزگای میسان بە توانای 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- گەیارە لە پارێزگای نەینەوا بە توانای 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پڕۆژەی چارەسەرکردنی نەوتی رەش لە پارێزگای بەسرا بە توانای 30 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
 
ئەو پاڵاوگەیانەشی کە لە رۆژی 2ـی نیسانی 2023ـەوە کۆمپانیاکان دەتوانن داواکاریی بۆ دروستکردنیان پێشکێش بکەن بریتین لە:
 
- پاڵاوتگەی ناسرییە لە پارێزگای زیقار بە توانای 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پاڵاوتگەی کوت لە پارێزگای واست بەتوانای 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
- پاڵاوتگەی سەماوە لە پارێزگای موسەننا بە توانای 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
 
هەرچی پاڵاوگەی حەدیسەیە لە پارێزگای ئەنبار، کە بە توانای 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دەبێت، دواتر رادەگەیێندرێت.
 
عێراق خاوەنی 12 پاڵاوگەی نەوتە، ژمارەیەک پاڵاوگەی دیکەشی لە دروستکردندان، توانای پاڵاوتنی رۆژانەی پاڵاوگەکانی دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل، بەڵام عێراق دەیەوێت توانای پاڵاوتنی بۆ 10 ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە، کە ئێستا بەهۆی نەبوونی پاڵاوگەی گەورەوە ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیار بۆ کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان خەرج دەکات، بەتایبەت بۆ بەنزین و گازوایل.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.