لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک هیچ ئاهەنگێک بۆ جەژنی نەورۆز ناگێڕن

15-03-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
نیشانەکردن نەورۆز کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک لەبارەی جەژنی نەورۆز و یادەکانی ئادار کۆبوونەوە و بڕیاریاندا جەژنی نەورۆز و بۆنەکانی دیکە پێکەوە بکەنەوە، بەڵام هیچ ئاهەنگێک ناگێڕن. 
 
دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حیزبی شیوعی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15-3-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لایەنە کوردستانییەکان لە بارەگای حیزبی شیوعی کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکووک بکەنەوە؛ گوتیشی: "هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئاهەنگمان نابێت، ئەوەش وەک رێزێک لە قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان؛ هەروەها وەک رێزێک لە قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان". 
 
بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حیزبی شیوعی گوتیشی، مۆڵەتی ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە لە پۆلیسی کەرکووک وەرگیراوە. لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیش لە رێوڕەسمی نەورۆزدا، دڵشاد حەساری گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەو خاڵە نەکرا، بەڵام لەبەرئەوەی لە جەژنی نەورۆزی ساڵانی رابردوودا رێگری لە هەڵکردنی ئاڵا نەکرا، باوەڕ ناکەم ئەمساڵیش رێگری هەبێت". 
 
رۆژی 6ـی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 48  هەزار و 448 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 115 هەزار کەسیش بریندار بوون. بوومەلەرزەکە زیانی گەورەیشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو و نزیکەی 1000 کەس لە هەرێمی عەفرین گیانیان لەدەستداوە.
 
لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2022 خۆپیشاندان دژی مەرگی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز لە رۆژ‌هەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و لە ئەنجامی دروستبوونی گرژییدا، سەتان هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە